
سعودیە خۆی بۆ هێرشێكی فراوان بۆ سەر حوسییەكان ئامادە دەكات
باسک نێت
ئاژانسی هەواڵی “رۆیتەرز” ئاشكرای دەكات، عەرەبستانی سعودیە سەرقاڵی داڕشتنی پلانی هێرشکی فراوانە بۆ سەر حوسییەکان بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتیان بەسەر دەریای سوردا.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەرێمی و رۆژئاوایی كە قسەیان بۆ رۆیتەرز كردووە، رەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا سعودیە هێرشەكە دەستپێبكات، كە ئامانجی سەرەکی گرتنەوەی کۆنتڕۆڵی گەروی بابولمەندەب و گەڕاندنەوەی هاتووچۆی دەریایییە لە دەریای سوردا.
بە وتەی شەش سەرچاوەی ئاگادار لە ئامادەکارییەکان، سەرکردایەتی پرۆسەکە کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەستپێبکات لەلایەن هێزە یەمەنییەکانی سەر زەوی دەبێت کە لەژێر سەرپەرشتی ریازدان، لەگەڵ پشتیوانی هێرشی ئاسمانی لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی سعودیەوە.
رەنگە زیاتر لە 100 هەزار سەربازی یەمەنی بە پشتگیری ئاسمانی سعودی کۆبکرێنەوە؛ ریاز دوو بژاردە تاووتوێ دەکات: یان هێرشێکی سنوردار لە کەناراوەکانەوە، یان هێرشێکی بەرفراوانتر لە چەند بەرەیەکەوە لە سەرانسەری یەمەن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایش زانیاری هەواڵگری و راوێژکاری سەربازی پێشکەش دەکات، بەڵام پێشبینی ناکرێت راستەوخۆ بەشداری لە شەڕەکەدا بکات.
هاوكات پاکستان نزیکەی 30 هەزار بۆ 40 هەزار سەربازی لە خاکی سعودیەدا بڵاوکردووەتەوە بۆ یارمەتیدان لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشە موشەکییەکان و درۆنەکانی حوسییەکان.
ریاز پێی وایە دانوستانەکانی ئاشتی دەستپێناكرێتەوە تاوەکو حوسییەکان کۆنتڕۆڵی گەرووی بابولمەندەب بکەن.




