
“لەپێناو پارێزگاری ئەمریكاو وێستگەی ئەتۆمیی، سعودیە ئامادەیە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە”
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، شانشینی عەرەبی سعودیە دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل بەتەواوەتی ئاسایی بكاتەوە، لەبەرامبەر ئەوەی ئەمریكا گرەنتی ئەمنیی پێبدات، ئەمە بەپێی ئەوەی سایتی (تایمز ئۆف ئیسرائیل) بڵاویكردوەتەوە.
باسک نێت
بایدن دەڵێ:” سعودییەكان پەیوەنییان پێوەكردوم و ئاگاداریان كردم لەوەی كە دەیانەوێت بەتەواوەتی دان بە ئیسرائیلدا بنێن.. ئەمە گۆڕانكارییەكی گەورەیە لە سەرتاسەری ناوچەكە”.
سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوە نەكردووە ئایا سعودیە چارەسەركردنی دۆزی فەلەستینی بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرئیل كردووە بە مەرج یاخود نا، بەڵام ئەوەی خستوەتەڕوو كە سعودیە لەبەرامبەر ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل داوای گەرەنتی دەكات لەوەی ئەمریكا چەكی پێدەدات “ئەگەر هاتوو روبەڕووی هێرش بووەوە لەلایەن یەكێك لە وڵاتانی عەرەبییەوە- یەكێكیان لەبەردەم دەرگادایە” پێدەچێت مەبەستی ئێران بێت كە نەیاری سەرسەختی ریازە لە ناوچەكەدا، بەڵام دەوڵەتێكی عەرەبی نییە وەكو ئەو دەیڵێ.
بایدن ئاماژەی بەوەكردووە، واشنتۆن دامەزراوەی ئەتۆمیی مەدەنی لە سعودیە دروستدەكات و سوپای ئەمریكا دامەزراوەكە بەڕێوەدەبات بۆ ئەوەی “بتوانن دەستبەرداری سوتەمەنی بەردین ببن”.
لەگەڵ ئەمەدا، هەفتەی رابردوو كۆنگرێسمانێكی دیموكراتەكان و یاریدەدەرێكی گەورەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بە رۆژنامەی (تایمز ئۆف ئیسرائیل)یان وتووە، چیتر بەر لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، ئیدارەی بایدن دەرفەتی دانوستانی لەسەر گرێبەستی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل لەبەردەستدا نەماوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی كاتی پێویست لەبەردەم ئەنجومەنی پیران بۆ سازدانی دانیشتنی گوێگرتن و دواتر دەربڕینی رەزامەندی لەسەر پێدانی گەرەنتی بواری بەرگریی بە سعودیە.
ئەمە زۆرترین وردەكارییە كە تائێستا بەرپرسێكی ئەمریكی بە شێوەیەكی ئاشكرا باسی كردبێت سەبارەت بە مەرجەكانی سعودیە لە بواری بەرگری بەتایبەتی لە بواری ئەتۆمدا.