جیهانڕاپۆرت

لەدوای جەنگی غەززەوە بازرگانی میسرو ئیمارات و ئوردن لەگەڵ ئیسرائیل زیادیكردووە

لەدوای جەنگی غەززەوە بازرگانی میسرو ئیمارات و ئوردن لەگەڵ ئیسرائیل زیادیكردووە
باسک نێت
داتاكانی نوسینگەی ئامار لە ئیسرائیل دەریدەخەن، لەدوای دەستپێكردنی جەنگی غەززەوە، ئاستی بازرگانی میسرو ئیمارات و ئوردن لەگەڵ ئیسرائیل زیادی كردووە.
راپۆرتێكی نوێی نوسینگەی ناوەندیی ئاماری ئیسرائیل باسلەوە دەكات هەناردەی میسر بۆ ئیسرائیل بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ زیادی كردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ئاستی هەناردەی میسر بۆ ئیسرائیل گەیشتوەتە 25 ملیۆن دۆلارو بەبەراورد لە هەمان مانگ لە ساڵی رابردوودا دوو هێندە زیادی كردووە.
لەبەرامبەردا هەناردەی غازی ئیسرائیل بۆ میسر بەشێوەیەكی گەورە زیادی كردووە، سەرباری ئاڵۆزی نێوان هەردوو وڵات لەدوای دەستپێكردنی جەنگی غەززەو بەریەككەوتنەكان لەسەر سنوری میسر لەگەڵ رەفەحدا، بەڵام میسرو ئیسرائیل بەردەوامبوون لەسەر هاوكاریكردنی یەكتر لە بوارەكانی وزەو ئاسایشدا.
سایتی (میدڵ ئێست ئای) دەڵێ هەناردەی ئیماراتی عەرەبی بۆ ئیسرائیل، بەهەمان شێوەی میسر زیادی كردووە، پشتبەست بە راپۆرتی نوسینگەی ئاماری ئیسرائیل، هەناردەی ئیمارات بۆ ئیسرائیل لە ئایاری ئەمساڵدا بۆ (242 ملیۆن) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە هەمان مانگ لە ساڵی رابردوودا قەبارەی هەناردەی ئیمارات بۆ ئیسرائیل بریتی بووە لە (238.5 ملیۆن) دۆلار.
هەمان راپۆرت باسی لەوەكردووە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ئاستی هەناردەی ئوردن بۆ ئیسرائیل گەیشتووەتە نزیكەی (35.7 ملیۆن) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو ئاستی هەناردە بریتی بووە لە (32.3 ملیۆن) دۆلار.
لەبەرامبەردا، ئامارەكە باسی لەوەكردووە، هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل بۆ زیاتر لە نیوە دابەزینی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش بەهۆی ئەو كۆتوبەندانەی كە وەزارەتی بازرگانی توركیا لەبەر جەنگی غەززە بەەسەر هەناردەی وڵاتەكەی بۆ ئیسرائیل سەپاندویەتی.
لە ئایاری 2023دا ئاستی هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل گەیشتوەتە بڕی (375.6 ملیۆن) دۆلار، بەڵام لە ئایاری ئەمساڵدا بۆ بڕی (116.8 ملیۆن) دۆلار دابەزیوە.

شەڕو بازرگانی
ئاڵۆزییەكان لەسەر سنوری میسر لەگەڵ كەرتی غەززەی فەلەستین لە ئایاری ئەمساڵدا زیاتر بوو، ئەمەش بەهۆی كۆنترۆڵكردنی دەروازەی (رەفەح) لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
مانگی رابردوو بەهۆی شەڕە تەقەوە لەگەڵ هێزەكانی سوپای ئیسرائیل، لە دەروازەی رەفەح دوو سەرباری میسری كوژران، بەڵام وەڵامی میسر بۆ ئەم رووداوە وەكو ئەوەی چاودێران وەسفیان كرد، لاواز بوو.
بازرگانی ئیسرائیل لەگەڵ میسر لە ساڵی رابردوودا بەرێژەی 56% گەشەكردنی بەخۆوە بینیوە، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتی پەیمانگای ئیبراهیم بۆ رێككەوتنەكانی ئاشتیی.
ساڵی 2022 میسرو ئیسرائیل ئامانجی بازرگانی ساڵانەی خۆیان بە نزیكەی 700 ملیۆن دۆلار تاوەكو ساڵی 2025 دیاریكرد، ئەمەش بەبەراورد بە ساڵی 2021 بڕی نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار زیاترە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close