
ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” بڵاویكردەوە، سوپای ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر لە کەشتی جەنگی ناردوەتە ناوچەی دەریای کاریبی لە نزیک ڤەنزوێلا. ئەوەش لەكاتێكدایە پەیوەندییەكانی ئەو دو وڵاتە بەرەو خراپی دەڕۆن و ئەمریكا، ڤەنزوێلا بە پشتیوانی لە تۆڕەكانی ماددەی هۆشبەر تۆمەتبار دەكات.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویكردەوە، ئەو كەشتیگەلەی سوپا ئەمریكا كە بەرەو ناوچەی دەریای كاریبی دەڕۆن، کەشتی هێرشبەری “یو ئێس ئێس ئایۆ جیما” و کەشتییەکانی گواستنەوەی “یو ئێس ئێس سان ئەنتۆنیۆ” و “یو ئێس ئێس ئێف تی لۆدەردەیل”ی لەخۆگرتوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، سوپا نزیکەی چوارهەزار و 500 سەربازی مارینز و دەریاوانی لەگەڵ یەکەی گەڕان و پشکنینی دەریاوانی ناردوە. هەروەها دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا نیازی هەیە 10 فڕۆکەی جەنگی جۆری “F-35” بنێرێتە دورگەی پۆرتۆ ڕیکۆ لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە کارتلەکانی ماددە هۆشبەرەکان.




