نوسەران

لە نێوان ڕەخنە و بەرپرسیاریی نیشتمانیدا

لە نێوان ڕەخنە و بەرپرسیاریی نیشتمانیدا

ئاراس محمد✍️باسک نێت

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، نەک تەنها من وەک ڕۆژنامەنوس، بەڵکو زۆر کەسانی تر، بەردەوام ڕەخنەمان ئاراستەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کردووە. ڕەخنە لە سیستەمی بەڕێوەبردن، لە گەندەڵی و فەساد، لە ناکۆکییە سیاسییەکان و لە ئەو دۆخەی کە هاوڵاتیی سادە دەگرێتەوە. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵدا، دەسەڵاتی هێزە سەرەکییەکان وەک پارتی و یەکێتی، بەشێکی گەورەیان لە بەرپرسیارێتی ئەم قەیرانانە هەیە.
بەڵام ئەم ڕاستییە، نابێتە هۆی ئەوەی لە کاتێکی ئاوا هەستیاردا بێدەنگ بین.

ئێستا کوردستان بە قۆناغێکی دژواردا دەگوزەرێت؛ مەترسی لەسەر خاک، لەسەر شوناس، لەسەر زمان و لەسەر ئایندەی نەوەکانمان هەیە. ئەم مەترسییانە تەنها کێشەی حکومەت نییە، بەڵکو کێشەی هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە. لەم کاتەدا، جیاکردنەوەی زۆن و جیاکاری ناوخۆ و گوتاری دابەشکراو، تەنها خزمەت بەوان دەکات کە دژ بە بوونی کوردستانن.

ڕەخنە گرنگە، بەڵام لە کاتی مەترسیدا، ڕەخنە دەبێت ببێتە هێزێکی چاکسازی، نەک هۆکاری لاوازی. دەبێت دوو شت پێکەوە گرێبدەین:
لە یەک کاتدا ڕەخنە بگرین، و لە هەمان کاتدا هەڵوێستێکی نیشتمانی وەربگرین بۆ پاراستنی خاک و گەلەکەمان.

ئەمڕۆ پێویستمان بە دەنگێکی یەکگرتوو هەیە؛ دەنگێک کە بڵێت:ئێمە لەگەڵ هەموو جیاوازییەکانمان، لە کاتی مەترسیدا یەکین.

پێویستە هێزە سیاسییەکان بزانن کە ئەم قۆناغە قۆناغی ململانێی ناوخۆ نییە، بەڵکو قۆناغی پاراستنی نەتەوەیە. هەروەها پێویستە خەڵکیش بزانن کە بێدەنگی لەم کاتەدا، وەک هاوکارییەکی ناڕاستەوخۆی مەترسییەکان دادەنرێت.

بۆ ئێمەی کورد زمان کوردستان تەنها ناوچەیەک نییە؛
بەڵکو شوناسمانە، مێژوومانە، و ئایندەمانە.
ئەگەر ئێمە خۆمان هۆکاری پارێزگاری نەبین، هیچ کەسێیتر مەجبور نییە بۆمانی بپارێزێت.
لە کۆتاییدا،دەڵێم مەترسییەکان زۆر لەوە گەورەترن ئێمە بیریان لێدەکەینەوە، ناشیرینی و دزی و گەندەڵی وزوڵمی سی ساڵی ڕابرد باوامان لێنەکات ڕقمان لەخاک و نیشتیمان و زمانی خۆمان بێت، حیزب و دەسەڵات و شەخسەکان کۆتاییان دێت، با ئەم قسانەی من بانگەوازێک بێت بۆ هەمووان:
با لە کاتی مەترسیدا، لەگەڵ هەموو ڕەخنە و جیاوازییەکانمان، یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بین بۆ پاراستنی کوردستان.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close