عێراقكوردستانهەواڵ

لەمەوبەدوا بەمەرج تەکسی نوێ تۆمار دەکرێت

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ دەرگەی تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە.

باسک نێت

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی کاربەڕێکەر لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنماییی ژمارە (3)ی ساڵی 2025ی تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردن و ڕۆژی دووشەممە 28ی نیسانی 2025، لە هەنگاوێکی نوێدا وەزارەتی ناوخۆ بە ئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکیی نوێ، دەرگەی تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ڕێنماییە نوێیەکە، تەنها ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بەشێوەی یاسایی و فەرمی هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنیان وەکوو تاکسی دەبێت، لەوانە: ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە تەنها بە بەنزین کاردەکەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنها بە غازی شل (LPG) کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV) ، ئاسانکاریی تۆمارکردنیان وەکوو تاکسی بێ ڕسومات بۆ کراوە، وەکوو هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرجی و ژینگەدۆست.

ئاشکراشیکرد، جێگەی باسە بەگوێرەی ئەو ڕێنماییە هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکوو ئەو تاکسییانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانن سوود لە تابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ (کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبیلی دوایین سێ مۆدێل تۆمارکراو بن) و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبیلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجیی دارایی پێ دەدرێت.

ڕوونیشیکردەوە، بەگوێرەی ڕێنماییە نوێیەکە، ڕەنگی تاکسی نوێ هەمان ڕەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی (4Q0) دەبێت و خاوەنی تاکسی دەتوانێت لە کوردستان بەم کۆدە تاکسییەکەی بۆیە بکات، یان لە کۆمپانیایەوە بەم ڕەنگ و کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین. تاکسییە کۆنەکەش بەگوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێتەوە بە هەر ڕەنگێکی پەسندکراو جگە لە ڕەنگی تاکسی.

جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە ئۆتۆمبیڵەکان تازە هاوردەکراوبن و پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکی و ژینگەییان تێدابێت کە لە ڕێنماییی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیڵ ژمارە ٧ی ساڵی 2021ی هەموارکراودا دیاری کراون، تەنها ئۆتۆمبیڵەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بۆ گۆڕین بۆ تاکسی.

باسی لەوەشکرد، لە ڕێنماییە نوێیەکەدا، بۆ ئۆتۆمبیلی هایبرد و تەواوکارەبایی، 74 جۆر و بۆ ئۆتۆمبیلی بەنزین89 جۆر وەکوو پاشکۆ دیارکراون کە ڕێگەپێدراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close