
عەلی زەیدی: چەکی سەرجەم گرووپە چەکدارە ناعێراقییەکان دادەماڵین
باسک نێت
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق:
“پیرۆزبایی ئەم رۆژە مەزنەتان لێدەکەین، کە رۆژی دەستکەوتێکی گەورەی نیشتمانییە بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و کشانەوەی تەواوەتی و کۆتایی هێزەکانیان (بە رێگەی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی)، هەروەها بەدەستهێنانەوەی سەروەریی تەواو و گشتگیری عێراق.”
بەدەستهێنانی سەروەریی نیشتمانی دەستکەوتێکی مەزنە و “بە چاکەی خودای گەورە و رۆڵی دیار و گرنگی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی هاتەدی، کە غیرەتمەندانی عێراقی هاندا بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان لە رێگەی فەتوای جیهادی کیفائی.”
جەماوەری دڵسۆز و هێزە کاریگەرەکانی گەلی عێراق بوونە کڕۆکی رووبەڕووبوونەوەی داعش، شانبەشانی هەموو هێزە چەکدارەکان و رۆڵی خۆیان لە سەرجەم وێستگە سەختەکاندا گێڕاوە.
“رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2026، دەبێتە سەرەتایەکی جیددی بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەکی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت و پابەندبوون بە مافە دەستوورییەکان، ئەمەش بەپێی نەخشەڕێگەیەکی روون و خشتەیەکی زەمەنیی رێککەوتن لەسەرکراو کە رۆژی 30ی حوزەیرانی 2027 تێپەڕناکات.”
حکومەت کاردەکات بۆ داماڵینی چەکی سەرجەم ئەو گرووپە چەکدارە ناعێراقییانەی لەسەر خاکی عێراقن، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بپارێزرێت و سنوورەکانی کۆنترۆڵ بکرێن.
حکومەتی عێراق رێگە نادات خاک و ئاسمانی عێراق وەک خاڵی دەستپێک یان رێڕەوێک بۆ هەر کارێک بەکاربێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بکات.
دەستدەکەین بە پشتیوانیکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان لە رێگەی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی تەواوەتی، بۆ بەهێزکردنی سەروەریی ئاسمانیی وڵات. هەروەها کار بۆ دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی و جێگیرکردنی پێگەی لەنێو سیستمی ئەمنیدا دەکات، وەک بەشێکی دانەبڕاو لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا.
عێراق چاوی لە قۆناغێکی نوێیە بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی تەواوی نیشتمانی، بەهێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، سەقامگیری و گەشەسەندن و ئاراستەکردنی توانا و داهاتی دەوڵەت بەرەو گەشەپێدانی بەردەوام و باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان.




