
وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەنگۆی بەئامانجگرتنی (ئەحمەد شەرع)ـی ڕەتکردەوە:باسک نێت
وەزارەتی ناوخۆی سوریا، لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا، سەرجەم ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ڕووداوێکی ئەمنی دەکەن دژ بە “ئەحمەد شەرع – سەرۆکی کاتیی سوریا” و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.
ڕۆژی دووشەممە، وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “ئەو هەواڵانەی لە هەندێک پلاتفۆرمی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و بانگەشەی ڕووداوێکی ئەمنی دەکەن دژ بە ئەحمەد شەرع و کەسایەتییە باڵاکان، دوورن لە ڕاستییەوە و هەڵبەستراون.”
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵە بێ بنەمایانە، دروستکردنی پشێوی و چەواشەکردنی ڕای گشتییە.
وەزارەتی ناوخۆ هۆشداریشی داوەتە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە زانیارییەکان تەنها لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و جەختیشی کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر بڵاوکەرەوەی ئەو دەنگۆیانە دەگرنەبەر.




