
هەوڵەكانی دورخستنەوەی سودانی لە سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو چڕكراوەتەوە
باسک نێت
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دەستیان بە راوێژی خێرا کردووە بۆ پێکهێنانی گەورەترین كوتلە لە پەرلەمانی عێراق و سەندنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران لە محەمەد شیاع سودانی، کە ژمارەیەکی بەرچاوی کورسی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە، بەڵام پێدەچێت ئەو سەركەوتنەی بەس نەبێت بۆ بەدەستهێناوەی خولی دووەمی سەرۆكایەتی حكومەت.
هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان كە سودانی سەرۆكایەتی دەكات، توانی (٤٥) کورسی مسۆگەر بكات، لەبەرامبەردا رکابەرەکانی- هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، عەسائیب ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری و هێزەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، بە کۆی گشتی زیاتر لە (٩٠)کورسییان بەدەستهێناوە.
لە دوێنێوە ركابەرەكانی سودانی راوێژیان دەستپێکردووە بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوای لە حزبەكەكان كرد پەلەبەكەن لە گفتوگۆكانی پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت لە چوارچێوەی ماوە دەستورییەكاندا.
لای خۆیەوە،عەباس موسەوی، راوێژکاری سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاندووە، چوارچێوەی هەماهەنگی بەبێ هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان (120) کورسی مسۆگەر کردووە.
موسەوی لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەشداری ئەرێنی رەنگدانەوەی متمانەی هاوڵاتیانە، ترسمان هەبوو لەوەی هاوبەشەکانمان ژمارەیەکی کەم بەدەستبهێنن، جەختیشكردووە لەوەی، چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی خێراکردنی پێکهێنانی حکومەت دەدات، سەرکردەکانیشی هاوڕان لەسەر ئەوەى بەیەك كوتلەی گەورە بچنە پەرلەمان و نوێنەرایەتی بڕیاری شیعەکان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران.




