ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنهوهی ئیسلامیعێراقكوردستانهەواڵ
بەیاننامەی دەزگای هەڵبژاردنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە بارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بەیاننامەی دەزگای هەڵبژاردنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە بارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
وابڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 11 ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بۆ جاری شەشەم ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنی ئەمجاریش وەک دەردەکەوێت ڕوداوگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی گرنگ بەدوای خۆیدا بهێنێت، لە عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە وڵآتەکە. لەسەر ئەو بنەمایەی کە هەڵبژاردن گەمەیەکی سیاسی و جەماوەرییە، بۆ یەکلاکردنەوەی ڕژێمی حکومڕانی و پارسەنگی هێز لەنێو حکومەت و دەسەڵاتدا، بزووتنەوەی ئیسلامی دەربارەی ئەو پرسە گرنگە بەیانێک بۆ ڕای گشتی دەخاتەڕوو.
بزووتنەوەی ئیسلامی لەماوەکانی ڕابردوودا ، بەفەڕمی ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە وا بڕیارە لە 11 ی تشرینی دووەم ئەنجام بدرێت ، هاوشێوە بێت لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کە ساڵی رابردوو ئەنجامدرا، ، بەو پێیەی کە هەردوو هەڵبژاردنەکە لەلایەن هەمان کۆمسیۆنەوە بەڕێوەدەچێت ئەوا بەشداری لە پرۆسەکەدا ناکەن و هیچ ڕەوایەتیەک بە دەرئەنجامەکانیشی نادەن .
دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق هیچ گۆڕنکارییەکی بنەڕەتی و هەستپێکراوی لە میکانیزم و ڕێکارەکانی پڕۆسەکەدا نەکرد ، بەتایبەت لایەنی ئەلیکترۆنی و سندوقە زیرەکەکان ، بزووتنەوەی ئیسلامی جارێکی تر بە فەڕمی دوپاتیدەکاتەوە، کە ناچنە نێو هەڵبژاردنێکەوە کە لە بری دەنگی ڕەسەنی خەڵک، سیستەمی زیرەک و سایبەر بڕیار لەسەر دەرئەنجامەکانی پڕۆسەکە بدات. سەرەڕای بەشداری نەکردن و کشانەوەش لە پڕۆسەکە ، بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ ڕای گشتی ڕای دەگەیەنێت، کە ئەگەر هاوشێوەی ڕابردوو مامەڵە بکرێت لە گەڵ پرسی هەڵبژاردن وەک ئامڕزێکی پلانگێرانە دژی هێزە ئۆپۆزسیۆن و دەنگە سپیەکەی خەڵک ، ئەوا ترس و لێکەوتەی خراپ لەسەر ئایندەی ولاتەکە بەرۆکی خەڵکی عێراق و کوردستان دەگرێت، ئەویش ئەوەیە کە خەڵک لە دەرئەنجامی نەمانی باوەڕیان بە هەڵبژاردن وەک ئامڕازێک بۆ گۆڕانکاری بیر لە ئامڕازی تر بکەنەوە ، ڕەنگە هێزی نوێش دروست ببێت و هەمان بیرۆکە لە بەرچاو بگرێت، ئەمەش دەرئەنجامی هەڵبژاردنی بێ ئومێدکەری هاوشێوەی 20 ی تشرینی یەکەمی سالی رابردووە.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا ، بزوتنەوەی ئیسلامی سەرلەبەری پڕۆسەکەی ڕەت کردەوە و بە گەمەیەکی چاوبەستانەی سیستەمی زیرەکی ناوبرد، هەوڵەکانیش بەهاوبەش لەگەڵ لایەنە ناڕازییەکانی تردا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەکە و دەرەنجامەکانی بەردەوام بوون ، بۆ ئەو مەبەستەش تانەیان لە دەرئەنجامەکان دا لە کۆمسیۆنی باڵای عێراق، و سکاڵاشیان بەرزکردەوە بۆ ئەنجومەنی دادوەری، بەڵام وادیاربوو بەپلانی تۆکمە و پێشوەختە سیناریۆکانی هەڵبژاردن بە پاڵپشتی نێوخۆیی و هەرێمی داڕێژرابوو.
لە کوتاییدا بزوتنەوەی ئیسلامی دوپاتی دەکاتەوە کە ئەخلاقیانە خەباتی سیاسی دەکات و نایەوێت مامەڵە و سەودا بە دەنگی خەڵکەوە بکات لەڕێگەی هەڵبژاردنێکەوە، کە ئەجێندای هێزە دەسەڵاتتدارەکان تیایدا لە بری مەشروعیەتی خەڵک سەروەر بێت.
هەروەها پێویست بوو لایەنە ناڕازییەکانی تریش لەم پرسەدا لە بەرەی خەڵک و بەرژوەندی ئایندەی سیاسی وڵاتەکە بایکۆتی پرۆسەکەیان بکردایە، وەک فشارێک بۆ گێڕانەوەی ڕەوایەتی پرسی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان. لە ماوەکانی داهاتوشدا ئەم بڕیارەی بزووتنەوەی ئیسلامی وەک تاکە هێز دەبێتە راستییەکی بێ مشتومڕ لە نێو ڕای گشتیدا.




