عێراقهەواڵ

دەیان هەزار کەس بەشەخۆراکى مانگانەیان دەبڕدرێت

وەزارەتى بازرگانیى عێراق ڕایگەیاند، لەمیانى نوێکردنەوەى تۆمارى ئەلیکترۆنیی کۆبۆنى خۆراک، بەشەخۆراکى مانگانەى 600 هەزار کەسى ناشایستە بڕدراوە.

باسک نێت

ئەیسر داود غەریرى، وەزیرى بازرگانیى عێراق باسی لەوەکرد، دابەشکردنی سەبەتەى خۆراک بەسەر هاووڵاتییان ڕێگر بووە لە بەرزبوونەوەى نرخى ماددە خۆراکییەکان، پێشبینیدەکەین نرخەکان لە مانگى ڕەمەزاندا سەقامگیر ببن، بەو پێیەى بەر لەو مانگانە بڕێکى زۆرى ماددە خۆراکییەکان دەخرێنە بازاڕەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەک ملیۆن تۆن گەنم لە کۆگاکانى وەزارەتەکەیدا هەیە و لە ڕێگەى سەبەتەى خۆراکییەوە توانیویانە ئاسایشى خۆراک دەستەبەربکەن.

وەزیرى بازرگانیی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، لە میانى پرۆسەى نوێکردنەوەى ئەلیکترۆنیی کۆبۆنى خۆراک، 600 هەزار کەسى ناشایستە بەشەخۆراکى مانگانەیان بڕدراوە، هاوکات حەوت ملیۆن کەس لەناو تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى سەبەتەى خۆراک وەردەگرن.

لە چەند پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان، پرۆسەی بە دیجیتاڵیكردنی پسوڵەی خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دەستیپێکردووە، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 254 هەزار خێزان پسوڵەی خۆراكیان هەیە.

لە ئێستادا حکومەتی عێراق دەیەوێت هاووڵاتییان بە ئەپڵیكەیشنێك ئاشنا بکات، کە لە ڕێگەیەوە لە هاتنی بەشەخۆراكی مانگانە ئاگاداردەكرێنەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close