كوردستانهەواڵ

مامۆستایان مەرجەکانی شکاندنی بایکۆتیان راگەیاند

ناوەڕۆکی ئەو یاداشتە ئاشکرا کرا کە مامۆستایانی ناڕازی داویانەتە لایەنی پەیوەندیدار

باسک نێت

لە ڕۆژی ٢٢/١٢/٢٠٢٣ یاداشتی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە ڕێگەی نوێنەریانەوە گەیەنراوەتە کۆبونەوەی بەڕێوبەرەگشتیەکان و وەزیری پەروەردە لە بەڕێوبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، لە کۆبونەوەکەدا کە وەزیری پەروەردە و بەڕێوبەرە گشتیەکانی پەروەردەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان ئامادەی بوون، لە یاداشتەکەدا بە ڕوونی ئەوە هاتوە کە بە هیچ جۆرێك بەبێ بەدەمەوە هاتنی داخوازیەکانمان ئامادە نین بۆ وەرزی دووەمیش دەرگای خوێندنگاکان بکرێنەوە، نوێنەرەکانیش پێیان ڕاگەیاندون کە ئامادەی شکاندنی بایکۆت نین و ئەو یاداشتە ڕای فەرمیە و لەدەرەوەی ئەم یاداشتە ڕاکان دەبنە ڕای شەخسی

دەقی یاداشتی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی

یاداشتی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی

ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ماوەی نۆ ساڵە لە خەباتێکی مەدەنی بەرفراوانداین بۆ گێڕانەوەی ماف و مووچە و شایستە داراییەکانمان
بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی ئێمەیە ئەوەیە کە ئێوە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی پەروردە زۆر بێباکانە مامەڵەتان لەگەڵ گرفت و مافەکانمان کردووە، لە کاتێکدا پرسی ماف و مووچە وەکو کێشەیەکی درێژخایەن لە ساڵی ٢٠١٤ وە تاوەکو ئێستا بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.

لە دوای ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم له ٢٥ / ٣ / ٢٠٢٣ وە، بێ باکیتان زیاتر بووە و لە زۆر لێدوان و دیداری ڕۆژنامەوانی هەموو کێشەکانی پەیوەست بە مووچە و بوودجە دەگێڕنەوە بۆ حکومەتی عێراقی.
ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی له ڕوانگەی خەمخۆریمان بۆ پرۆسەی پەروەردە، جارێکی تر حکومەتی هەرێم دەخەینە بەردەم بەرپرسیاریەتی و بە نوسراوی فەرمی ئەو داواکارییانەی جێبەجێکردنیان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە دەخەینەوە بەردەستتان، بەو ئومێدەی بە زووترین کات جێبەجێبکرێن و پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە فەوتان ڕزگار بکرێت و بکەوێتە سەر ڕێگا دروستەکەی خۆی، چونکه دڵنیاتان دەکەینەوە تارێگەی ڕێگەی کردنەوەی دەرگاکانی ناوەندەکانی خوێندن بریتیە لە بەدەمەوەهاتن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان،
کە بریتین لە:
١ــ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی.
٢ ــ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ
٣ ــ دیاری کردنی چارەنوسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەناوی پاشەکەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و شایستە داراییە خەرج نەکراوەکان لەمووچەکانمان بڕاوە .
٤ــ پێدانی مووچە کە له ٣٠ ڕۆژ جارێک تێنەپەڕێت .
٥ــ حکومەتی هەرێم ڕێگری نەکات لەوەی لە هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقیدا مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن بانکە حکومیەکانی حکومەتی عێراقەوە دابەشبکرێ.

لەکۆتاییدا، ئێمەخوازیاری چارەسەرکردنی گرفتەکان و بەدەستهێنانی مافەکانمانین تاکو بتوانین پێکەوە پرۆسەیەکی پەروەردەی تەندروست بخەینەوە سەرپێ، بەپێچەوانەشەوە لەئەگەری وەڵام نەدانەوەمان هیچ ڕێگایەکیترمان لەبەردەمدا نیە جگە لە درێژەدان بە بایکۆت و ناڕەزایەتیەکانمان و هەموو ڕێکارێکی مەدەنی دەگرینەبەر بۆ داکۆکی لەمافەکانمان و بەرپرسیارێتی و لێکەوتەکانی بایکۆت و مانەوەی دەرگاکانی خوێندن بەداخراوی بۆ وەرزی دووەم لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی
22/12/2023

تێبینی/ ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ئەنجومەنێکی فراوانی نێوان شارو شارۆچکەکانە لە پێناو هەماهەنگی و بڕیاری پێکەوەیدا لە ٢٠١٦ دامەزراوە و نوێنەرایەتی شاروشارۆچکەکانی (پارێزگای سلێمانی ، پارێزگای هەڵەبجە ، ئیدارەی ڕاپەڕین ، ئیدارەی گەرمیان ، قەزای کۆیە)دەکات

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close