
ئەمریكا فرۆكە هەڵگری ئەبراهام لینكۆڵن رەوانەی ناوچەكە دەكات
“ئۆستن فەرمانی كردووە پەلەبكرێت لە گەیشتنی”
باسک نێت
لوید ئۆستن, وەزیری بەرگری ئەمریكا, فەرمانیكردووە پەلەبكرێت لە گەیشتنی فرۆكە هەڵگری “یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن” بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
پاتریك رایدەر, وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند: ئۆستن فەرمانی كردووە ئەو كەشتیگەلەی كە فرۆكە هەڵكری “ئەبراهام لینكۆڵن” سەركردایەتی دەكات و فرۆكەی جۆری ئێف_35سی هەڵگرتووە, بەشێوەیەكی خێراتر جوڵەبكەن, بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسی هێرشێی فراوانی حزبوڵا یاخود ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.
ئەو هەنگاوەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دوای ئەوە دێت, پێگەی “ئەكسیۆس”ی ئەمریكی ئاشكرایكرد, یوئاف گالانت, وەزیری بەرگری ئیسرائیل, دوێنێ لە پەیوەندیەكی تەلەفونیدا لەگەڵ لوید ئۆستنی هاوتا ئەمریكیەكەی رایگەیاندووە: ئامادەكارییە سەربازییەكانی ئێران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن, تاران خۆی بۆ هێرشێكی بەرفراوان بۆ سەر ئیسرائیل ئامادە دەكات.




