
بەتاڵی سندوقی خانەنشینی هەرێم کێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست دەکات
بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق وەزارەتی دارایی عێراق داوای هەژماری سندوقی خانەنشینی هەرێم دەکات.
باسک نێت
بەپێی یاسای خانەنشینی لە عێراق و هەرێم سندوقێک بۆ خانەنشینان دروستکراوە فەرمانبەران لە کاتی خزمەتدا مانگانە لە هەرێم ۷ لەسەدی مووچەی بنەڕەتی و لە عێراق ۱۰ لەسەدی مووچەی بنەڕەتیان لێ دەبڕدرێت بەناوی لێبڕینی خانەنشینی. لە هەرێم تەنها بەناو سندوقەکە هەیە، بەڵام هیچ بڕە پارەیەکی تێدا نیە. بەغدا داوای هەژماری ئەو لێبڕینانە دەکات کە بۆ خانەنشینی کراوە.
سندوقەکە بە پێی یاسای خانەنشینی عێراقی هەبووە دواتر هەرێم لە ساڵی ۲۰۲۱ سندوقەکەی کارا کردوەتەوەو بەڕێوەبەر و کارمەندی بۆ تەرخانکردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی تێدا نیە.
حکومەتی عێراق مانگانە بڕێک پارە دەخاتە سەر سندوقی خانەنشینی عێراق کەلێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانە بۆ خانەنشینی. ئەو پارەیە لە هیچ بوارێکدا خەرج ناکرێت تەنها تەمویلی مووچەی خانەنشینی پێ دەکرێت. بەغدا داوای پارەی هەمان سندوق لە هەرێم دەکات بۆ هاوتا کردنی مووچەی خانەنشینان. بەڵام سندوقەکەی هەرێم هیچ بڕە پارەیەکی تێدا نییە.




