بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیعێراقكوردستانهەواڵ

پەیامی دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی لەبارەی ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

دوای ئەوەی ڕۆژی 20 ی ئۆکتۆبەر وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکرا، بزوتنەوەی ئیسلامی وەک ڕووداوێکی گرنگ لەو ڕۆژەدا پێشوازی لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکات. هەڵبەت بزوتنەوەی ئیسلامی دوای ئەوەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان بۆ چەندین جار دواخرا، دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەمانگی دە وەک دەسکەوت نابێنێت، و پێی وایە خواستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پیادەکردنی ئەرکە دیموکراسیەکان لە کوردستاندا لە ئاستێکی نزمدایە، وە زۆرینەی لایەنە سیاسیەکان بابەتی هەڵبژاردنیان تا ئێستا بۆ موزایەدەی سیاسی خۆیان بەکار هێناوە نەوەک لەبەر گۆڕانکاری سیاسی و گۆڕینی ژیانی خەڵک.

جێی وا بیرهێنانەوەیە لەماوەکانی ڕابردوودا و لەکاتی دیاری کردنی وادەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستاندا ، بزوتنەوەی ئیسلامی پەیامی ئەوەی بڵاو دەکردەوە کە هێشتا زۆرینەی هێزە سیاسیەکان خواستی هەڵبژاردنیان نیە و لەسزای هۆشیارانە و توڕەیی خەڵک دەترسن ، تەنیا ئەوەبوو کە لە میدیاکانەوە وەک هێزی ئامادە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن خۆیان نمایش دەکرد ، بۆیە نەبوونە هێزی پاڵپشتی هەڵبژاردنێکی جدی و کاریگەر.

جارێکی تر بزوتنەوەی ئیسلامی هۆشداری توند دەدات لەبەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ دروست کردنی هەر بەربەستێک لەبەردەم هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەر . لەبەرئەوەی ئەم هەڵبژاردنە ئەزمونێک نیە تەنیا چاوی عێراق و کوردستانی لەسەر بێت ، بەڵکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک ڕووداوێکی گرنگ سەیری ئەو پڕۆسەیە دەکەن و پێیان وایە تاکە هەڵبژاردنە لە هەرێمەکەدا کە هاوڵاتیان بڕوایان بە هێزی دەنگی خۆیان و کاریگەری سندوقەکانی هەڵبژاردن هەبێت.

دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close