
وەزارەتی دادی عێراق:
بەهۆی یاسای لێبوردنی گشتی و ئازادكردنی مەرجدار زیاتر لە 21 هەزار زیندانی ئازادكراون
“قەرەباڵغی زیندانەكان كەمكردووەتەوە”
باسک نێت
وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، یاسای لێبوردنی گشتی بووەتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەناو دامەزراوە چاکسازییەکانی وڵات، لەو چوارچێوەیەشدا 13 هەزار و 427 زیندانی بەپێی ئەو یاسایە ئازادكراون، هاوتەریب لەگەڵ ئازادکردنی حەوت هەزار و 891 زیندانیی دیکە، بەپێی رێکارە یاساییەکان و ئازادکردنی مەرجدار.
ئەحمەد لعێبی، وتەبێژی وەزارەت و بەڕێوەبەری پەیوەندییە دادوەرییەکان، لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەی فەرمی وتووە، جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی زیندانییەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی زیندانی ناوەندیی کەرخ پێشوازیی لە زیاتر لە پێنج هەزار و 700 زیندانی کرد کە هەڵگری ڕەگەزنامەی 61 وڵاتن و لە زیندانەکانی “هەسەدە” لە سووریاوە گواسترابوونەوە، کە ئەمەش رێژەی قەرەباڵغیی لە زیندانەکانی عێراقدا زیاتر کردبوو.
روونیشی کردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی رێکارەکانی ئازادکردن بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی گرتوونیەتەوە، گەیشتووەتە 13 هەزار و 427 زیندانی لە بەشە چاکسازییە جیاوازەکانی بەغدا و پارێزگاکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەت حەوت هەزار و 891 زیندانی لە سەرجەم بەشە چاکسازییەکان ئازاد کردووە، دوای ئەوەی ماوەی سزاکانیان تەواو کردووە یان ئازادکردنی مەرجدار گرتوونیەتەوە بەهۆی جێبەجێکردنی مەرجە یاساییەکان و تەواوکردنی دوو لەسەر سێی ماوەی سزاکەیان و هەبوونی رەوشت و هەڵسوکەوتی باش، ئەم رێکارانەش رێڕەوێکی یاسایی سەربەخۆن و جیاوازن لە لێبووردنی گشتی.



