
کچێکی فەلەستینی کە دایک و باوکی عەرەبن و ناویان ناوە کوردستان
باسک نێت
کچێکی فەلەستینی کە دایک و باوکی عەرەبن و ناویان نابوو “کوردستان” تەمەنی بوو بە ساڵێک و باوکی، محەمەد خالید ئەم ناوەی وەک نیشانەیەک بۆ خۆشەویستی و سوپاسگوزاری بەرامبەر بە گەلی کورد هەڵبژاردووە.
باوکى منداڵەکە پێشتر لە روونکردنەوەی هۆکاری ناونانى کچەکەیدا بۆ راگەیاندنەکان رایگەیاندبوو ئەم ناوە دەربڕینی وەفاداری و پێزانینە بۆ گەلی کورد، کە لە ماوەی جەنگى غەززەدا بە کەمپینی یارمەتیی مرۆیی و دابینکردنی خواردن و پێداویستییەکان پشتیوانیی خەڵکی غەززەیان کردووە.
باوکی کوردستان لە فەلەستین، جەختی لەوە کردبووەوە ئەم ناوە مانا و یادەوەرییەکی گەورەی هەیە و کەمترین شتێکە کە دەتوانن پێشکەشی گەلی کوردی بکەن بۆ ئەو پشتیوانییەی لە قورسترین بارودۆخدا پێشکەشیان کردوون.
لەبارەی یارمەتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، محەمەد ئەبو جیاب، شارەزای ئابووریی فەلەستینی، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەخشین و یارمەتییەکان و کەمپینەکانى خێرخوازى و رێکخراوەکانى کوردستان کاریگەرییەکی گرنگیان لەسەر ژیانی هەزاران خێزانی فەلەستینی هەبووە، بە تایبەتی لە بواری دابینکردنی خواردن، یارمەتیی دارایی و کەفالەتی منداڵانى بێ باوکدا.
دوێنێ ئەم کچە ساڵیادى لەدایکبوونى بوو و تەمەنى بوو بە ساڵێک و لە ساڵیادى لەدایکبوونیدا جارێکی دیکە چیرۆکی پەیوەندیی مرۆڤانەی نێوان گەلی کورد و فەلەستین دەخاتەوە پێش چاو، چیرۆکێک کە تێیدا ناوی نەتەوەى کورد دەبێتە یادگارییەکی هەمیشەیی لە ژیانی منداڵێکی فەلەستینیدا




