
سی ئێن ئێن:
ئێران
” دەمانەوێت پێش هەڵبژاردنی كۆنگرێس لەگەڵ ترەمپ بگەینە رێككەوتن؛ چاوەڕوانی وەڵامين”
باسک نێت
دوای دوو رۆژ لە دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانی لە نیویۆرک، تاران پلانێکی 7 رۆژەی ئاشکرا کرد کە پێشنیازی کردووە بۆ واشنتۆن، پلانەکە برتییە لە دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە ماوەی 7 مانگە لە نێوانیاندا بەردەوامە.
بە گوێرەی تۆڕی هەواڵی “سی ئێن ئێن”ی ئەمریكی، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، ئەو پێشنیازەی ئێران لە ڕێگەی ناوەندگیرەکانەوە پێشکەشی ئەمریکای کردووە ئەم هەفتەیە، دەقەکەی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت واشنتۆن لە ماوەی 7 رۆژدا مەرجە دیاریکراوەكان جێبەجێ بکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز.
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردەووتەوە، بچێتە ناو وردەکاری ئەو مەرجانەوە، بەڵام وتویەتی، ئەوانە تێنەپەڕینن لەوەی لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە کە لە ئیسلام ئاباد گەیشتبوونە رێككەوتن لەسەری و دواتر لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هێرشە دوولایەنەکانی نێوان واشنتن و تاران هەرەسیهێنا.
عراقچی ئاماژەی بەوەشكردووە، ماوەی حەوت رۆژەکە کە دراوە بە ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکان، لە رۆژی دوای رەزامەندی واشنتۆن لەسەر پێشنیازەکە دەست پێدەکات و تاران چاوەڕێی وەڵامی ئەمریکایەو هیچ پەلەیەکی نییە.
عراقچی روونی کردەووتەوە، تاران پێی باشترە واشنتۆن رازی بێت و دیالۆگ دەست پێبکاتەوە پێش هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەیی کۆنگرێسی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا، ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوولا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامن، بەتایبەتی دوای بەستنی کۆبوونەوەیەکی “بەرهەمدار” لەگەڵ ستێڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکاو جارید کۆشنەر، لە رۆژی سێشەممەی رابردوو لە نیویۆرک.
پێشتر ویتکۆف ئاشکرای کرد دانوستانێکی چڕو پڕ بۆ ماوەی 3 کاتژمێر لەگەڵ شاندی ئێرانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەچووە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، لەو کاتەدا ترەمپ کۆبوونەوەکەی بە “زۆر بەرهەمدار و زۆر باش بەڕێوەچوو” وەسف کرد، ئاماژەی بە ئەگەری بەستنی کۆبوونەوەیەکی تر کرد لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
ئەم لێدوانانەی عراقچی دوای قسەكانی مسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران دێت، کە تێیدا رایگەیاند تاران دەیەوێت پێش هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەیی کۆنگرێس لەگەڵ ئەمریکا بگاتە رێککەوتن، جەختیشی کردەوە لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانی بەپێی پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.




