ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنهوهی ئیسلامینوسەران
ئێستا کە یادی ٣٩ ساڵەی دروست بوونی بزووتنەوەی ئیسلامییە

ئێستا کە یادی ٣٩ ساڵەی دروست بوونی بزووتنەوەی ئیسلامییە ، لە ناخمدا دوو هەستی دژبەیەک دەجەنگن ؛ هەستێکیان شانازییە بەو مێژووەی کە ڕەگەکەی بە خوێنی ئازیزترین کەسم کە باوکمە ئاو دراوە، هەستەکەی تریشیان خەمێکی قووڵ و چاوەڕوانییەکی بێ کۆتایی و بێ ئەنجامە.
بۆ من تەنها یادکردنەوەی مێژووی حیزبێک نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ناو لاپەڕەکانی تەمەنی باوکم؛ ئەو پیاوەی کە ڕێگای سەختی تێکۆشانی هەڵبژارد و لە پێناو باوەڕ و نیشتیمانەکەیدا، بوو بە بەشێک لەو کاروانەی کە تا ئێستاش ڕێگاکەی ڕووناکە.
باوکی من شەهیدێکی ونبووە ، ئەم نازناوە لەوانیە بۆ زۆرکەس تەنها وشەیەکی سادە و بێ هەست بێت ، بەڵام بۆ منێکی دوور وپڕ لە غوربەتی ئەو ، چیرۆکێکی پڕ لە چاوەڕوانییە چونکە بەڕاستی ونبوونی باوکم واتا ئامادەبوونی هەمیشەیی لە ناو هەموو ساتەکانی ژیانم دا.
ئەو ڕۆیشت تا نەوەکانی دوای خۆی بە سەربەرز و ئازاد بژین. ئەگەرچی ئەمڕۆ گۆڕێکی دیارمان نییە تا گوڵاوی وەفای لێ بڕێژین، بەڵام دڵنیایین کە خوێنی ئەو و هاوڕێیانی، لە هەموو بستێکی ئەم خاکەدا بووە بە گوڵی ئازادی.
بزووتنەوەی ئیسلامیی کە باوکم ژیانی خۆی بۆ تەرخان کرد، تەنها ڕێکخراوێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو قوتابخانەیەک بوو بۆ فێربوونی بەڕەنگاربوونەوەی ستەم.
باوکم و هەزاران ڕۆڵەی ئەم میللەتە لە ژێر ئاڵای ئەم بزووتنەوەیەدا، سەلماندیان کە ئامادەن گیانی خۆیان بکەنە پردێک بۆ ئەوەی میللەتەکەیان بگاتە کەناری ئارامی.
لەم یادەدا پەیامی من بۆ سەرکردایەتی و ئەندامانی بزووتنەوە ئەوەیە: وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدانی ونبوو، تەنها لە دروشمدا نییە، بەڵکو لە پاراستنی ئەو بنەما و ئامانجانەدایە کە باوکی من و هاوسەنگەرانی لە پێناویدا سەریان دانا.
ئێمە وەک نەوەی شەهیدان، چاومان لەوەیە کە بزووتنەوەی ئیسلامیی هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە کە باوکانمان خەونیان پێوە دەبینی؛ بزووتنەوەیەک بۆ خزمەتی ئیسلام، بۆ خزمەتی کوردایەتی و بۆ دادپەروەری بێت.
لە کۆتاییدا، سڵاو دەنێرم بۆ ڕۆحی پاکیان ، کە نازانم لەکام دەشت یان لەکام دۆڵی ئەو وڵاتەدا بووە بە میوانی خاک.
سڵاویش بۆ هەموو ئەو دایکانەی تەمەنیان لە چاوەڕوانیدا بەسەر برد و یادی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامیش هەر بەرز و پیرۆز بێت و ڕێگای شەهیدانمان هەمیشە ئاوەدان.




