كەش و هەوا
شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایگەیاند، سبەی پێنجشەممە شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە لە دەریای ناوەڕاستەوە ناوچەکانی باشووری تورکیا، یۆنان، کەناراوەکانی ڕۆژئاوای سوریا و بە شێوەیەکی لاوازتر عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی، ئاشکرای کرد کە سبەی پێنجشەممە، لە کاتەکانی بەیانییەوە شەپۆلێکی بەخوڕی بارانبارین و هەورەبروسکە لە دەریای ناوەڕاستەوە چالاک دەبێت و کاریگەریی لەسەر باشووری تورکیا، یۆنان، کەناراوەکانی ڕۆژئاوای سوریا دەبێت.
هەروەها بە شێوەیەکی لاوازتر کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت و ئاسمانی ناوچەکە بەزۆری دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواوی بەرز و مامناوەند.
جەبار ئاماژەی بەوەشدا کە لە کاتەکانی دواینیوەڕۆ تا شەو، هەورە نزمەکان دەگەنە ناوچەکەمان و ئەگەری بارینی بارانێکی مامناوەند و پچڕپچڕ لە هەندێک شوێن، بەتایبەت لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، نەینەوا، سۆران و ڕاپەڕین هەیە.
لە ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکوک و گەرمیان، ئەگەری بارانێکی کەم و پچڕپچڕ هەیە.
پلەکانی گەرما بە ڕێژەی ٢ پلە بەرزتر دەبێتەوە و خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت.



