بزووتنهوهی ئیسلامیعێراقكوردستانهەواڵ
پەیامی دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی لە ساڵڕۆژی 13\5\1987

پەیامی دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی لە ساڵڕۆژی 13\5\1987
باسک نێت
لە یادی 13\5 1987 دا کە ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی ئیسلامی و هەڵگری بیری شۆڕش و ڕووبەڕوو بوونەوەی نادادی ئاینی و کۆمەڵایەتی و سیاسیە ئەویش بەناوی بزوتنەوەی ئیسلامی لەکوردستانی عێراق. هاوکات ئەم بەروارە هاوتەریبە لەگەڵ ڕاپەڕینی شاری هەڵەبجەدا ، واتە ئەم ڕۆژە لە لاپەڕەکانی مێژوودا شایەتی دوو ڕووداوی گەورەی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردیە.
ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی ئیسلامی لەو کاتەدا خۆی لەچەند زەڕورەتێکی حەتمیدا دەبینێتەوە کە بەپلەی یەکەم ڕووبەڕوو بوونەوەی دەسەڵاتی فاشیستی بەعس بوو ، لەو پێناوەشدا دەریایەک خوێنی بەخشی، زەڕورەتێکی تر ئەوەبوو کە دەمێک بوو سەحوەی ئیسلامی لەئاستی کاری بانگەوازیدا کاری دەکرد و پێویستی بەوە هەبوو ببێتە جوڵەیەکی سیاسی و بزوتنەوەیەکی کرداری ، بۆیە لەو کاتدا بزوتنەوەی ئێسلامی بوو بەو هێزەی کە ئەو بەرپرسیارێتیە قورسە لە ئەستۆ بگرێت و لەپێناو ئەو بیر و باوەڕ و بەرپرسیارێتەشدا چەندین باج و قوربانی و خوێنی بەخشی . ئامانجێکی تری ڕاگەیاندنی بزوتنەوەکە دامەزراندنی حکومەتێکی موئەسەسی و دادگەر بوو ، لەبری کانتۆنی حیزبی و بنەماڵەیی و مافیایی.
بزوتنەوەی ئیسلامی هەمیشە لەو جێیە هەوڵ و خەباتی سیاسی خۆی کردووە کە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و موسڵمانانی لێ بووبێت، بەڵام بەداخەوە لەدوای زیاتر لە سێ دەیە و نیو بەهۆی شکستی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی کوردی، هەوڵە مەبدەئیەکانی ئەم بزوتنەوەیە لە زامن کردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان و وەبەرهێنانی دەرفەتە ئابوریەکان و زیادکردنی پانتایی ئازادیە سیاسەکان نەیانتوانیوە بەجێی خۆیان بگات . لەپاڵ ئەم شکستانەی دەسڵاتی حوکمڕانیشدا لەئێستادا قەیرانی هەڵبژاردن و ژەنگ هێنانی سندوقەکانی هەڵبژاردن لەئارادایە ، کە دەبوو پێشتر و لەماوەکانی ڕابردوودا وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر خراپ کردنی گوزەرانی خەڵک هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرایە ، بەڵام نەک ئەوەش نەکراوە بەڵکو لەکاتی خۆیشیدا ناکرێت و بۆ چەندین جارە دوادەخرێت، کە ئەمە ئاماژەیەکی خراپە بۆ ئەوەی کە هەمووان بزانن کە هیچ نیەتێکی گۆڕانکاری لە ئەجێندا و بەرنامەی دەسڵاتدا نیە.
بۆیە لەم ساڵڕۆژەدا ڕوودەکەینە دەسەڵات و بەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەزایەتیەوە کە پێویستە چیتر خەمسارد نەبن لە ژیان و ئازار و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک ، وە ڕوو لە جەماوەریش دەکەین و پێیان دەڵێین کە ئێمە هەتا لەتواناماندا بێت و هەوڵ دەدەین ئەو دەستە ئەمینە بین کە خودا و خەڵک پێیان خۆشە.




