نوسەران

ئەم جەدەلە سەری هەڵداوە …خۆتانی لێ دوور بگرن

ئەم جەدەلە سەری هەڵداوە …خۆتانی لێ دوور بگرن

پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت

لەم ڕۆژانەدا به هۆی ڕووداوەکانی ناوچەکەو شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکاو ئیسرائیل مشت و مڕو جەدەل و سەرنج و ڕاوبۆچوونی جۆراو جۆرو جیاواز سەبارەت بە جەنگەکەو لایەنگیری بۆ لایەنێک لە لایەنەکان و دژایەتی کردنی لایەنێکی تر سەری هەڵداوە…

دەنگی جەدەل زاڵەو مەیدانی بیرکردنەوەی ژیرانەو سەرنجی قوڵ و لێکدانەوەی عەقڵانی و نەفەس درێژی لەگەڵ چۆنێتی مامەڵەکردن و بڕیاردان لەسەر لایەنەکان وردەکاریەکانی جەنگەکە تەسک بۆتەوە…پەلەکردن و گومانی خراپ و زمانی ڕەخنەو شێواندنی ڕاستیەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پەرە دەسەنێت..

جێی داخە پێشکەشکردنی سەرنج و خستنەڕووی ڕای دروست و هەڵسەنگاندنی ژیرانەو زانستیانەو لۆژیکیانە لەلایەن کەسانی خوێندەوارو پسپۆڕو شارەزا لە شەرع و سیاسەت و دەعوە هیچ کەڵکی نیەو گوێی لێ ناگیرێ و سودێکی ئەوتۆ ناگەیەنێت …

بە پێچەوانەوە هەرچیەک دەوترێ و دەخرێتە ڕوو لێکدانەوەی خراپی بۆ دەکرێت لە لایەن خەڵکەوەو وەک لایەنگیری و پشتیوانی بۆ لایەنێک لە لایەنەکان تەماشا دەکرێت ( واتە دەنگە دڵسۆزو ڕاستگۆو خەمخۆرەکان تێکەڵ بە دەنگە بەرزە بێ کەڵکە بێ ناوەڕۆکەکان کراون ).
بەداخەوە ئێستا ناتوانین بە ئاسانی جیاوازی بکەین لە نێوان ( هەڵە بە نیاز پاکی ) لەگەڵ ( خلیسکان و لادانی فیکری یان خیانەت و ناپاکی ).. مەیدانەکە بەمانای وشە بۆتە فەوزاو پاشاگەردانی..

لەبەرئەوە زەرورە ئێستا کەسە عاقڵ و پیاوە ژیرەکان خۆیان لە وروژاندنی ناکۆکی و لێکترازانی زیاتر بپارێزن ، باشترە لە ئاست زۆرێک لە بابەتەکان و ڕووداوەکان و پرسە مشتومڕ لەسەرەکان بێ دەنگی هەڵبژێرن ، ئەگەر چی بڕواشیان وابێت ڕای دروست و بۆچوونی ڕاست لای ئەوانە نەک ئەوانی تر.. چونکە مەعلومە لەم چرکەسات و ساتەوەختەدا دەروونەکان لە حاڵەتی هەڵچووندان و سروشتی ئارامی خۆیان لەدەست داوەو بەئاسانی ئامادەی وەرگرتنی ڕاستیەکان نین…

ناکرێ بوترێ : وایان وت ، وا دەڵێن ، یان بوترێ : ڕاستیەکان دیارن ڕوونن ، یان هەموو شتێک وەڵام دراوەتەوە ، پرسەکان و بڕیارەکان بڕاونەتەوە کۆتاییان هاتووە ..

لەم کات و قۆناغە هەستیارەدا ئەوپەری حیکمەت و سەلیقەو وردەکاریی و عەقڵانییەت بەکار بهێنرێ ، لەو شوێنەدا قسەبکرێ کە قسەکردن شوێن دەگرێ و گوێی لێ دگیرێ و سوودی هەیە ، چونکە ئاشکرایە هەموان دەزانن دنیای دەوروبەری ئێمە ئاگری گرتووەو دەسوتێ ، جیهان بڵێسە دەدات ، دەبێت خۆمان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بکەین .

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close