
ترەمپ نامەیەكی دیكەی بۆ خامنەیی نارد
باسک نێت
بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا و دوو سەرچاوەی دیكەی ئاگادار بە كەناڵی (العربیە)ی سعودییان ڕاگەیاندووە “دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نامەیەكی دیكەی ئاراستەی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران كردووە و مۆڵەتی تەنها دوو مانگی خستوەتە بەردەم بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی” .
ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەكردووە، نامەكەی ترەمپ كە بۆ خامنەیی ناردووە هەم بە زمانێكی توند نوسراوە، هەم پێشنیازی ڕێككەوتنێكی نوێیشی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران كردووە و تیایدا نوسیوێتی “بەردەوامبوون لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و ڕەتكردنەوەی دانوستان، ئەنجامی زۆر خراپی دەبێت” .
ئاماژەیانبەوەشكردووە “ترەمپ لەو نامەیەدا خواستی دانوستانی كراوەی پێشان نەداوە، بەڵكو مۆڵەتی تەنها دوو مانگی خستوەتەبەردەم خامنەیی بۆ قایلبوون” .
لایخۆیەوە نێردەی تایبەتی ئێران لە نەتەوەیەكگرتووەكان ڕایگەیاند “ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەدوور نازانین”
وتیشی “ئەگەر ئامانجی دانوستانەكان چارەسەری ئەو مەترسییانە بكات كە سەبارەت بە بەكارهێنانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی دروستبووە، ئەوە دەكرێت گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت” .
ئاماژەیبەوەشكرد “بەڵام ئەگەر دانوستانەكان ببێتە هۆی لەبەریەكهەڵوەشانی بەرنامەی ئاشتیانەی ئەتۆمیی ئێران، ئەوە ئۆباما چەند تیایدا سەركەوتووبوو، ترەمپیش هەر ئەوەندەی سەردەكەوێت، بۆیە هەرگیز دانوستانی لەوجۆرە بەڕێوەناچێت” .




