نوسەران

ھەڵبژاردن و ھەمان دەموچاو یان بەربژێری سواو

ئاری عەبدولەتیف

ھەڵبژاردن بۆیە چوار ساڵ جارێك دەكرێت تا ھەر جارە و كۆمەڵێك بەربژێر و كادر بچنە ناوەندەكانی بڕیار و ڕۆڵ ببینن، كەچی لەم ھەرێمەی ئێمەدا حیزبەكان بۆ چەندین خولی ھەڵبژاردن بەشێك لەو دەموچاوانەی ڕابردوو كاندید دەكەنەوە.

ھەمان دەموچاو بۆ بەربژێری ھەڵبژاردن یەك لەو ستایلە تەقلیدییە فەندەمێنتاڵییانەی حیزبی كوردییە كە بڕوایان بە گۆڕین و دەستاودەستكردن نییە و متمانەیان لەدەستداوە و زۆرجاریش فاكتەری نەبوونی كادری باش و بەدیلە، سەرباری ئیتفاقییە و دەستوەردان و تەعینی سیاسیی.

جگە لەوەی ئەم كارە ناشرین و بێزراوە میكانیزمی سەقەت و سواوی حیزبە بەڵام دەموچاوەكانیش خۆیان سازشكەرن و ھەڵپە دەكەن و دەستیان گەشتووە بە غەز و بەزەكە و دەمیان لێداوە.

بە چوار ساڵ خزمەتت پێ نەكرێت و پڕۆژەی گەورەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی فەراھەم نەھێنیت، بە چەندین خولیش پێت ناكرێت، دەكرێت رێگە چۆڵ بكەیت بۆ خەڵكی تر و كادری پسپۆڕ و بە ئەزموون و پیشەیی تا لانی كەم ئەم ڕەوشە بخەن بە بارێكدا.

دووبارە بوونەوەی ھەمان دەموچاوی خولەكانی ڕابردوو بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردن رێك لەو وێنانە دەچێت كە دەیان ساڵ لە دیوەخان و ھۆڵەكاندا ھەڵدەواسرێن و ڕۆژانە بێدەنگ سەیرمان دەكەن و سەیریان دەكەین بێ ئەوەی ڕەگی گەندەڵیی و پیسخۆریی و گەڕەلاوژێی بینای ستەمكاریی ختوكەش بدەن.

دەبێت خەڵكی كوردستان ئەم تایپە لە بیركردنەوە و خۆفەرزكردن تێكبشكێنن و بە دەنگنەدان پێیان سزایان بدەن، با جارێكی تر نە حیزب و نە كاندیدە سواو و پەیكەرسالارەكان زات نەكەن ڕۆژگارمان ببەنەوە چوار ساڵ و ھەشت ساڵی پێش ئێستە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close