نوسەران

دە دانیشن، پاڵەوان ئێوە نین!

ئاری عەبدولەتیف

یەعنی چی لە بەرەی حكومەتن و خۆتان دەسەڵاتن و حیزبەكانتان تاودەری ئەم دۆخەن و كەچی لە پەرلەمان وەك ئۆپۆزسیۆنی عەیارە بیستوچوار ھاوار دەكەن؟
ئاخر گەر دەڵێن ئێمەش ناڕازیین و ئەم وەزعە ڕەد دەكەینەوە، دەی وازبھێنن و ڕەخنەیەكیش لە خودی حیزبەكانتان بگرن!

بابە لە دونیا شتی وا نەبووە بەرەی پێكھێنەری حكومەت دژی سیاسەت و كاروكارنامەی حكومەتەكەی بێت و شانازیشی پێوە بكات و بڵێ ئەمڕۆ لە پەرلەمان حەشرم كرد و خەڵكیش چەپڵەیان بۆ لێبدات و بڵێن ئەمڕۆ بینیتان فڵان پەرلەمانتار چیكرد و چیوت؟

سەردەمێك تێیكەوتوین ھەموو سەنگەرەكان تێكەڵ بوون، نازانی كێ ئۆپۆزسیۆنە و كێ خاوەن دەسەڵات، موزایەدە لەسەر موزایەدە مێشكی خەڵك و ڕووی شاشەی میدیایان پڕكردووە لە قسەی باقوبریق.

یەعنی چی پەرلەمانتاری حیزبی فەرمانڕەوا و حیزبی شەریكەحكومەتی و كەچی دەنگت لە پەرلەمانتارێكی فول موعارەزە دلێرترە؟
یەعنی چی ئاخر، خۆت دەسەڵاتی و كەچی ڕەخنە لە ئەدای حكومەت دەگریت و قسە بێتامەكانی گرانبوونی بەنزین و لێبڕینی مووچە و مەسەلە سواوەكانی ناشەفافیی داھات و خاڵەسنوورییەكان و قەوانی بیست ساڵە سەدبارە دەكەیتەوە و ھێشتا خەڵكیش لە شەقام و تۆڕەكانی میدیا بتكەن بە پاڵەوان!

دانیشن، دە دانیشن پاڵەوان ئێوە نین، پاڵەوان لەسەر ھیچ نادادیی و پڕۆژەیەكی ئاشكرا و پەنھان دژی نەتەوە سازش ناكات ئەگەر نرخی پووشێكیش بێت، بەڵام داخەكەم خەتای ئەم نەتەوەیە ھێشتا ئێوە بە پاڵەوان و فریادڕەس دەزانن، گوایە ئەمڕۆ لە ھۆڵی پەرلەمان قسەی دڵی خەڵكتان كردووە.

٢٠٢١/٦/٢٨ 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close