نوسەران

بۆ چه‌پ و ڕه‌نگرتووی چه‌پگه‌رای كورد !

م. غفور ئه‌حمه‌د

(1 ) سه‌ری زمان و بنی زمانیان به‌هێرش وپه‌لاماره‌دان بۆسه‌ر ئیسلام وموسڵمانان بژاوه‌ ، گوایه‌ ئیسلام به‌زه‌بری هێزو شمشێر كوردستانی داگیركردوه‌و ئاینی ئیسلام هی عه‌ره‌به‌و به‌تۆبزی سه‌پێنراوه‌ ! ده‌ی خۆ میلله‌تی كورد جگه‌ له‌ئیسلام خاوه‌نی پێنج ئاینی تره‌ ! ئه‌پرسم ئه‌وانیتر له‌كوێوه‌ هاتوون ، كامه‌یان خۆماڵیه‌و كامانه‌ن هاورده‌ ! ده‌ی تۆزێ جورئه‌ت به‌خه‌رج بده‌ن ئاینی ڕاسته‌قینه‌و فه‌رمی كوردمان پێ بناسێنن ! یان ته‌نها به‌ئیسلام و موسڵمانان فێرن ! یان بۆ هه‌ر قۆناغه‌و سه‌رده‌مێكـ دوژمنان وناحه‌زانی كورد به‌جۆرێكی جیاواز فریووی داوین ! ئه‌ڵبه‌ته‌ به‌هاوكاری وبه‌هاوبه‌شی خۆفرۆشانی مێژوو !

(2 ) پێمان ئه‌ڵێن ( سلام علیكم ، ان شاء الله ، سبحان الله ، جزاكـ الله خیرا أخی گیان ) ! ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێ ده‌سته‌واژه‌ی بێگانه‌ن ئێوه‌ له‌ڕیگه‌ی ئه‌م وشانه‌ هه‌وڵی به‌عه‌ره‌ب كردنی كۆمه‌ڵگای كوردی ئه‌ده‌ن ! ئه‌پرسم ئه‌گه‌رچی به‌كارهێنانی ( های ، هه‌ڵه‌وو ، های لایف ، پرنسیپ ، دیفاكتۆ ، پێرفێكت ، سینگڵ ، سترێس ، ڕیلاكس ، میتۆد ، سۆری ، ) ی ئێوه‌ ، به‌ره‌و ده‌وڵه‌ت وكرانه‌وه‌ی زیاتری نه‌بردین ، به‌ڵكو له‌په‌نای ئه‌م وشانه‌و به‌هۆی كاراكته‌ره‌ نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمان په‌روه‌ریه‌كانی چه‌پ وعه‌لمانێتی كوردی ، ته‌نها له‌باشوری كوردستاندا پێنج ناوچه‌و پێنج زۆنی دابڕاو له‌یه‌كتر ئه‌بینین ! كامه‌یان ئیسلام و موسڵمانان لێی به‌رپرسه‌ !؟ مه‌گه‌ر دۆستی ئه‌مریكا و ئه‌وروپاش نین !

(3 ) له‌مپه‌ڕی نه‌رمه‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌ڕی تووندی عه‌لمانێتی كوردی ، داواده‌كه‌ن ئاین له‌سیاسه‌ت وكاروباری ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكـ دووربخرێته‌وه‌ ، گوایه‌ ئاین ته‌نها په‌یوه‌ندیه‌كی ڕۆحی نێوان مرۆڤه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌ ، تێكه‌ڵكردنی به‌دونیای سیاسه‌ت زیان به‌ڕۆحیه‌تی خودی ئاینه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت ، ئه‌پرسم ئه‌گه‌ر ڕاسته‌ سیاسه‌ت ئه‌وه‌نده‌ قێزه‌ون ونه‌فرین لێكراوه‌ ، ده‌ی بۆچی بۆ خۆتان ده‌ست به‌رداری نابن ، ئایا ئه‌وه‌ سیاسه‌ته‌ ئه‌وه‌نده‌ نزم وسه‌رله‌خواره‌ یان سیاسه‌تی عه‌لمانێت وعه‌لمانێتی سیاسیه‌ هه‌موو جوانیه‌كانی ژیانیان ته‌ڵخ ولیخن كردوه‌ ! له‌وه‌ش سه‌رسامم كه‌ئه‌بینم گه‌شته‌كانی وه‌فدی كوردی بۆ ئه‌وروپا ، به‌بێ چوونه‌ خزمه‌تی پاپای ڤاتیكان ودیداری ڕۆحیانه‌ی پاپا ناگه‌ڕێنه‌وه‌ ! ئه‌رێ پاپا خۆی پیس و پۆڵخ ده‌كات ، یاخود ئیلهام وڕێنماییه‌كانی كڵێسا به‌ئێوه‌ی عه‌لمانی ده‌به‌خشێت !؟

(4 ) به‌هه‌موو قه‌ناعه‌تێكه‌وه‌ شانازی به‌( گیڤارا ، ماوتسی تۆنگـ ، ماركس ، غاندی ، خرۆشۆڤ ، ڕۆحانی ،، هتد ) ئه‌كه‌ن ، وه‌لێ بۆ ئه‌ویتر هه‌رس ناكرێ ، شانازی به‌صلاح الدینی ئه‌یوبی وسه‌ركرده‌و هه‌ڵكه‌وتوانی ئیسلام و مێژووی موسڵمانان بكات ! به‌ریزم لێت پیرۆزبێ هه‌ركه‌سێكـ به‌مامۆستاو ڕابه‌ری خۆت ئه‌زانی ، وه‌لێ ئه‌و مافه‌ش به‌خه‌ڵكـی تر بده‌ كێ به‌سه‌ركرده‌و سه‌رمه‌شقی خۆی ئه‌زانێ ! مه‌گه‌ر بیروڕای جیاوازو فره‌ ڕه‌نگی پێچه‌وانه‌ی دیكتاتۆری وسیاسه‌تی له‌قاڵب دان وخنكاندنی ئه‌وانیتر نین !؟

(5 ) له‌دژی یه‌كتری خۆشحاڵ ئه‌بن‌ بست به‌بستی خاكی كوردستان له‌لایان دوژمنانه‌وه‌ داگیر بكرێ ، به‌ڵكو بۆ خۆیان ده‌بنه‌ چاوساغی داگیركه‌ران ، كه‌چی له‌ولاشه‌وه‌ ئاهه‌نگـ ده‌گێڕن بۆ پاكتاوكردنی گه‌لێكی سته‌م لێكراوی وه‌كـ فه‌له‌ستین ! ئاخر چش له‌فه‌له‌ستین و وه‌حشیگه‌ری جوله‌كه‌ ! دیمه‌ن و تراژیدیای ڕاگواستنی زۆره‌ملێی ناوچه‌ كوردنیشه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و ئاواره‌یی وهه‌ڵفڕینی دانیشتوانی هه‌ردوو سنوری ئێران و توركیا ببینه‌ ! بیهێنه‌ به‌رچاوت بزانه‌ له‌چ مه‌رگه‌ساتێكن !

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close