بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامینوسەرانهەواڵ

بۆچی بزووتنەوەی ئیسلامیی بەشداریكردنی ڕەدكردەوە؟

بۆچی بزووتنەوەی ئیسلامیی بەشداریكردنی ڕەدكردەوە؟

ـ بزووتنەوەی ئیسلامیی، لەپێناو دوو كورسی، ملنادات بۆ ھیچ ڕێكەوتنێكی نھێنیی و ژێربەژێر.
ـ بزووتنەوەی ئیسلامیی، بەشداریی ھەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق ناكات، بەھۆی ساختەكاریی پێشوەختە و سیناریۆی كۆیلەگەریی و سەفەقاتی دەنگكڕین و دەنگدزینەوە.

لە پەراوێزی كۆڕاڕۆژنامەوانییەكەی ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی، ڕێزدار (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز)، كە تێدا ئاشكرای كرد بۆ ڕای گشتیی و شەقام و میدیاكان و خەڵكی كوردستان، كە ئێمە وەك بزووتنەوەی ئیسلامیی، بەشداریی پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناكەین، بە چەندین ھۆكاری ساختەكاریی و دزینی دەنگ و سیناریۆی ھەژموونی جیاوازی ناو عێراق و دەرەكیی، دەگەینە ئەو ھەڵوێست و ئیرادە سەربەخۆیەی كە بە ھیچ شێوازێك ناچینە ناو ئەو پرۆسەوە و بایكۆتی دەكەین.

ھۆكارەكان چەند بەھێز و لە شوێنی خۆیاندابن، دووبارە ئەو ڕاستییە بۆ ھەموو لایەك ڕوونتر دەبێتەوە كە بزووتنەوەی ئیسلامیی و جەماوەر و خەڵكی ھۆشیاری كوردستان ناچنە ژێر باری سێبەری دەمامكداری عەمەلیەیەكی سیاسیی فریودەر و دووبارە و چەند بارە لە لایەن سیناریستە پاوانخواز و پارەدارەكانەوە ناگەزرێن.

ئەم ھەڵوێست و ئیرادەیەی بزووتنەوەی ئیسلامیی، لەمڕۆی شەقامی عێراق و پرۆسەی ھەڵبژاردنی ساختەدا ئەوپەڕی بژاردەی ڕاستەقینەیە دژی ئەم ھەموو یارییە ناشرین و كۆیلەگەریی و كڕین و فرۆشتنە بە مەعنەوییەتی خەڵك و كۆمەڵگە.

بەشدارینەكردنی ھیچ ھاوپەیمانێتییەك و ئیتفاقییەیەكی مزەووەر و موعەللەب لە پێناو مانەوەیەكی شەرمنانە و خۆفرۆشیی بۆ دوو كورسیی، دووبارە گەواھیداری ئەو ڕاستییەیە كە ئێمە بڕوامان بە بوونێكی سرووشتیی ھەیە نەك بوونێكی ماكیاژكراو و ساختە، وە باوەڕمان بە پاشكۆبوونێكی ئیسلامیی ڕاستەقینە ھەیە، نەك ئیسلامیبوونێكی شەرمنانە.

ئەوەی لامان سەختە و شوێنی گاڵتەجاڕییە، ئەوەیە جاران لە وادەی پرۆسەی ھەڵبژاردندا ساختەكاریی دەكرا، كەچی ئێستا مۆدێلی ئەو ساختەكارییەش گۆڕاوە و پێش وادەی ھەڵبژاردن ڕێكەوتن دەكرێت بۆ ساختەكاریی و دابەشكردنی كورسی، ئەمەش بە كردەی جیاوازی ڕێكەوتن و تەفاعولی سیاسیی و خۆخزاندنەژێرباری ھەیمەنەی ئەملاولا، كە حیزبەكان مانیفێستی خۆیان دەكەن، لەژێر پەردەی دادوەریی و دیموكراسیی.

خاڵێكی تریش ئەوەیە، ھەر لە ئێستەوە ئەنجام ئاشكرایە و دەنگ بدەیت و نەیدەیت، پرۆسەكە بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێت كە سوڵتە و بلۆكی نەوتیی و موحاسەسە دەیەوێت، چی دانابێت ھەمان ئەو پاكێجە سەردەگرێت، ئیتر مایەی شەرمە بەشداریی لە وەھا پرۆسەیەكی بێ ئەرزشدا.

ئاری عەبدولەتیف
٢٠٢١/٥/٦

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close