بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامینوسەرانهەواڵ

قسەی حەق بەرامبەر ستەمکاران واجبێکی شەرعییە

کامل حاجى على

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
کەسایەتى ئەرێنى کێن و چەند جۆرن
چەندەها جۆرو حاڵەتى کەسایەتى هەن، لێردا باسى دوو جۆریان دەکەین یەکەم: کەسایەتى لەناو زانایان و رۆشنبیراندا لە قورئانى پیرۆزدا بەناوى ( الاحبار) هاتووە، با سەیر بکەین چۆن ئاماژەى پێکراوە (لَوْلا يَنْهَاهُمُ الرَّبَّانِيُّونَ وَالأَحْبَارُ عَنْ قَوْلِهِمُ الإِثْمَ وَأَكْلِهِمُ السُّحْتَ لَبِئْسَ مَا كَانُوا يَصْنَعُونَ) سورەتى
المائدە ئایەتى 63، راڤەى ئەو ئایەتە بەم شێوەیە کراوە ئەرێ ئێوە تاکەى خواناسنیان و زاناکانیان قەدەغەى گوفتارى گوناح و ئاشکرا کردنى هەڵسوکەوتى نا پەسندو حەرام خۆریان لێناکەن خواى پەروەردگار سوێند دەخوات دەفەرمووێت ئەو کردەوەو هەڵسوکەوت و سلوکانەى دەیکەن بۆ رازى کردنى خەڵک و گەندەڵ و ستەمکارو مشەخۆران زۆر نادروست و خراپ و ناپەسندە، ئەو جۆرە کەسایەتیانە هەر چەند ناو و شۆرەتیان هەبێت ئەگەر ئەمە رەفتاریان بێت کە ئایەتەکە ئاماژەى پێداون بە کەسایەتى نەرێنى ئەژمار کراون و دەکرێن، بە پێچەوانەوە کەسایەتى ئەرێنى و ئیجابى هەر دەم بیر کردنەوەیان تەندروستەو لەگەڵ واقیع هەنگاو دەنێن و بە تێگەیشتنەوە گوفتار دەدات، سیفاتە ئینسانیەکەى لەدەست نادات، هەردەم حەق بێژەو دژ بە ستەم و ستەم کاران لێدوان دەدات فەرمان بە چاکە دەکات و خەڵک هاندەدات بۆ دوور کەوتنەوە لە گشت کردەوەیەکى نا دروست و نا پەسند… ئەوانەى کە خۆیان وەک زاناو رۆشنبیر دەرخستووە نابێت بێ باکانە لەم دونیایەدا ژیان بەرنە سەر ترسى موحاسەبەو لێپێچینەوەیان نەبێت لەکاتێکدا بڕوایان بە رۆژى لێپرسینەوە هەبێت کە حەتمەن پێیان دەگات ئەبێت ترسیان لەو رۆژە هەبێت (أَفَأَمِنَ أَهْلُ الْقُرَىٰ أَن يَأْتِيَهُم بَأْسُنَا بَيَاتًا وَهُمْ نَائِمُونَ) الاعراف ئایەتى 97، ئایا ترسیان نییە کە سزاى خوایان بۆ بێت لەکاتێکاو دا کە خەوتوون.
هەروەها دەفەرمووێت (أَوَأَمِنَ أَهْلُ الْقُرَىٰ أَنْ يَأْتِيَهُمْ بَأْسُنَا ضُحًى وَهُمْ يَلْعَبُونَ) الاعراف 98 لەکاتێکدا لەکاتى چێشتەنگادان کە خەریکى گاڵتەو گەپن.
دەبێت لە مەکرى خواى پەروەردگار کەم تەرخەم و بێباک و بێخەم نەبن، چونکە ئاگادارى مرۆڤەکانى کردۆتەوە دەفەرمووێت (أَفَأَمِنُوا مَكْرَ اللَّهِ فَلا يَأْمَنُ مَكْرَ اللَّهِ إِلا الْقَوْمُ الْخَاسِرُونَ) الاعراف ئایەتى 99، هەر کەس ئەم ئایەتە بیگرێتەوە لە بێ پاکى و بێ خەمى خەسارەت مەندى دونیاى ئەمڕۆ رۆژى قیامەتە.
جا بۆ ئەوەى کەسایەتییە ئیجابییەکان خۆیان تێکەڵ بە کەسایەتییە نەرێنى و کەسە هەلپەرستەکان نەکەن ئەبێت بێنە گۆ ئەبێت کۆمەڵگا بیان ناسێت تەنها دەست بە کڵاوەکەى خۆیەوە نەگرێت، چونکە ئەمڕۆ بێت یان سبەى نایەڵن دەست بە کڵاوەکەیەوە بگرێت ئەیانەوێت وەک خۆیانى لێبکەن هەروەک چۆن قەومى لوط بە پێغەمبەر لوط علیە السلام و ئەو چەند کەسەى لەگەڵى بوون گوتیان ئەوان پاکن و لە وڵاتمان دەریان بکەن (وَمَا كَانَ جَوَابَ قَوْمِهِ إِلَّا أَن قَالُوا أَخْرِجُوهُم مِّن قَرْيَتِكُمْ ۖ إِنَّهُمْ أُنَاسٌ يَتَطَهَّرُونَ ) الاعراف ئایەتى 82.
بۆ ئەم شێوازى تێکۆشانە فەرموودەیەکى پێغەمبەر محمد درودى خواى لەسەر بێت هەیە کە دەفەرمووێت (إن الناس إذا رأوا المنكر فلم يغيروة، او فلم يأخذوا على يد الظالم، أوشك ان يعمهم الله بعقاب من عندة) ابو داود بە ژمارە 4338، ترمژى بە ژمارە 3059.
واتە خەڵکى ستەمکارێک دەبینێت گەر نەى گۆڕن و نەیەنە دەنگ لەسەر ئەم خراپەیە یا دەستى ئەم ستەمکارو زاڵمە نەگرن و راینەگرن لەو ستەمەى کە دەیکات ( وەک خواردنى ماڵى خەڵک و زەوت کردنى ئازادى و مافە سەرەتاییەکانیان … هتد ) ئەوکات خواى گەورە سزاى ستەم کارو ستەمکلێکراوان دەدات،سورەتى ئەنفال ئایەتى 25 هاتووە (وَاتَّقُوا فِتْنَةً لَّا تُصِيبَنَّ الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنكُمْ خَاصَّةً…) چونکە ستەم لێکراوان کۆیلەیەتیان هەڵبژاردووە لە جیاتى ئەوەى لە خوا بترسن ستەمکاریان کردووە بە گەورەو خواى خۆیان، کاتێ عومەرى کوڕى خەتاب رەزاو رەحمەتى خواى لەسەر بێت فەرموویەتى(متى استعبدتم الناس قد ولدتهم امهاتهم أحرارا ئەمە بەسە بۆ هەر کەسێک تەنها بەپێى نفوسیش مسوڵمان بێت.
ئەمڕۆ نایبینن چۆن بە ئاشکرا یارمەتى ستەمکاران دەدرێت شایەتى بە ناحەق بە غەدرو درۆیان بۆ دەدرێت چۆن خواى گەورە بە یەکەوە سزایان نادات ئەزانین کۆتایى بە ژیانمان دێت هەموومان لەم دونیایەدا دەڕۆین با سنوورەکان نەشکێنین و پابەند بین بە یاساو رێساکانەوە بە وەعدو پەیمانەکانەوە، چونکە پێغەمبەرى خوا ئاگادارمان دەکاتەوە (احفظ الله يحفظك، احفظ الله تجده تجاهك) ابو داود.
واتە: گەر دین و شەریعەت و سنوورو فەرمانەکانى خوا بپارێزیت خواى گەورەش تۆ دەپارێزێت، بەڵام کام شەرع و کام حەڵاڵ و کام حەرام ئەوەنا کە خۆت دەیشەرعێنى، حەڵاڵ و حەرام و شەرعى خوا یەکلا بۆتەوە (الحلال ما أحلة الله، الحرام ما حرمة الله، الدين ما شرعة الله) ئەمانە نەگۆڕن.
لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤەکان ئازادن (فَمَن شَاءَ فَلْيُؤْمِن وَمَن شَاءَ فَلْيَكْفُرْ) سورەتى الکهف ئایەتى 29.
کەسى ئیماندارى راستەقینە کەسى ئەرێنى دەردەچێت لە فیعل و کرداریدا دەردەکەوێت ئەبێ هەردەم لە موحاسەبە بترسێت رۆژێک دەبێت هەرچى چاندبێت هەرچى کردبێت دێتەوە بەردەستى (…وَوَجَدُوا مَا عَمِلُوا حَاضِرًا ۗ وَلَا يَظْلِمُ رَبُّكَ أَحَدًا) الکهف ئایەتى 49
ئەمە مەبادیئە هەرچى بکەى تۆمار کراوە بە چاک و خراپ بابگەڕێینەوە بۆ روشد با ئینسانیەت فەرامۆش نەکرێت سیفاتى پاکى مرۆڤایەتى پشتگوێ نەخرێت با وابزانین بەیانى دادگایى دەکرێن لە هەرچى کردوومانە چ بە نهێنى و چ بە ئاشکرا، گەر تەنها بیر لەم ئایەتە قورئانییە بکرێتەوە کەسایەتى نەرێنى و خراپەکار بە دەگمەن دەردەکەوێت و دروست دەبێت (اقْتَرَبَ لِلنَّاسِ حِسَابُهُمْ وَهُمْ فِي غَفْلَةٍ مُّعْرِضُونَ)سورەتى الانبیاْ ئایەتى 1. واتە بۆ بێئاگان زۆر نزیکە لێپرسینەوەتان لەگەڵ بکرێت لە ئان وساتێکدا کاتێک ئێوە لە غەفلەت دان و کاتێک ئێوە پشتتان لە فەرمانەکانى خواى پەروەردگار کردووە.
شتێکى سەلمێندراوە هەر کەسەو رێژەیەک لە سیفاتى ئەنانیەتى تێدا بەدى دەکرێت هەیە کەم و هەیە زۆر، هەیە زەمانە دەرسى دەدات ئاقڵ دەبێت، هەیە کەم شت کاریگەرى لەسەر دەبێت جگە هێز و سزادان نەبێ، هەیە نکوڵى لە حەق دەکات هەیە خەڵک بە سوک و کەم تەماشا دەکات هەم فەخرو شانازى بە حەسەب و نەسەبى خۆى دەکات، بەڵام تەعن لە حەسەب و نەسەبى خەڵکانى دیکە دەدات، خەڵکانێک هەن رقیان لە کەسانێک دەبێتەوە هەرشتێکى باشیش ئەنجام بدات پێى رازى نییە گەر ئەو شتە باشە لە بەرژەوەندى گشتى دابێت مادام فلان کەس یان فلان لایەن کردوویەتى، چونکە لە بازنەى ئەو دانییە پەسەندى ناکات، کەسانێک هەن دەرک بە مەسەلەکە ناکەن جوانتر بڵێن نایزانێ، بەڵام ئینکارى دەکات و دەڵێت دەیزانم ئەمە پێى دەگوترێت ( جەهلى مورەکەب) خەڵکانێک هەن حەسوودن حەز بە بوونى کەس ناکەن خۆیان نەبێت.

🔴 کەسایەتى دووەم (المستنبط) واتە کەسایەتى هەڵێنجەر، ئەم جۆرە کەسایەتییە ورد بین و شارەزایە لە هەڵێنجاندنی (الاحکام) ماناى راست و دروست دەزانێ خوداى گەورە وەسفى ئەم جۆرەیان دەکات و دەفەرمووێت(وَإِذَا جَاءَهُمْ أَمْرٌ مِّنَ الْأَمْنِ أَوِ الْخَوْفِ أَذَاعُوا بِهِ ۖ وَلَوْ رَدُّوهُ إِلَى الرَّسُولِ وَإِلَىٰ أُولِي الْأَمْرِ مِنْهُمْ لَعَلِمَهُ الَّذِينَ يَسْتَنبِطُونَهُ مِنْهُمْ) النساْ ئایەتى 83:
لێرەدا خواى پەروەردگار ئاگادارمان دەکاتەوە هەر هەواڵێکیان بۆ بێت دەربارەى ئاسایش و هێمنایەتى یاخوود ترس و بیم بڵاوى دەکەنەوە بیر لە سەر ئەنجامى ناکەنەوە خۆ ئەگەر ئەو هەواڵەیان بڵاونەکردایەتەوە و بیان گێڕایەتەوە بۆلاى پێغەمبەر ێل الله علیە وسلم یان بۆ لاى کار بەدەستانێک کە لەخۆیانن ئەوە ئەوانە کە لە نهێنى هەواڵەکان تێدەگەن و دەکۆڵنەوە پەلەیان نەدەکرد لە بڵاوکردنەوەکەى، نهێنى و رازەکانیان لێدەردەهێنا ئەوجا ئەو هەواڵ و پەیامەیان پەخش دەکرد، بەپێى ئەم فەرمانە ئەبێت بۆ هەر هەواڵ و خەبەرێک پێش ئەوەى بەیان بکرێت (تِبیان) ى تێدا بکرێت ناکرێت و نا تەندروستە هەر هەواڵێکت بیست راستەوخۆ بێ لێکدانەوەو لێکۆڵینەوە بە راست و چەپدا بڵاوى بکەیتەوە، پەکو لەو کەسانەى هەرچى ئەبیستێت و ئەى خوێنێتەوە یان خۆى دەى نوسێ و بڵاوى دەکاتەوە بێتەتەڵە کردن و لە بێژینگدان بڵاوى دەکاتەوە، لەلایەکى تر هاوار بۆ ئەو کەسانەى هەواڵێک دەبیستن یان دەیخوێننەوە پیتێکى دەگۆڕن یان دەستکارى دەکەن یان وەک خۆى بڵاوى ناکەنەوە بۆ بەرژەوەندى خۆى و حزبەکەى یان بەرپرسەکەى بۆى داى دەتاشن ئەوجا بڵاوى دەکەنەوە،پێغەمبەرمان ێل الله علیە وسلم دەفەرمووێت (كفى بالمرء كذبًا أن يحدّث بكل ما سَمِع) مسلم رواە هەرچەند خەڵکى بە ویژدان دەرکى بەوە بردووە رۆژکارى وەها هاتووەو دێت رووبەڕووى مرۆڤەکان بووەو دەبێتەوە ئەیەوێت خواستى خەڵکێک بگەیەنیت کە دروست و حەق و پەسندە، بەڵام ژینگەکەو دەوروبەرەکە واى خواستووە سەبرو ئارامى لێبگریت دوا بخرێت بۆ ژینگەیەکى لەبار ئەوکات جێدەگرێت و کاریگەرى تەندروستى دەبێت،خواى گەورە دەفەرمووێت (وَمَن يُؤْتَ الْحِكْمَةَ فَقَدْ أُوتِيَ خَيْرًا كَثِيرًا) سورەتى البقرە، بەڵام گەر لەو کاتەدا ژینگەکە لە بارنییە گەر بەیانى بکەى لە برى ئەوەى چاکى بکەیت و جێگاى خۆى بگرێت و خواست و مەبەستە ئەرێنییەکە بگەیەنێت بەنەرێنى جێگا دەگرێت لەبەر ئەوە هۆشیارى زۆر گرنگە لەم مەسەلەیەدا لەم رۆژگارەى ئەمڕۆى ئەم کوردستانەدا زۆرێک لە هاوڵاتیان گوێنادەنە ئەو وردەکارى ولێکدانەوەیە ئایا ئەم هەواڵ وخەبەرە بڵاو دەکرێتەوە تا چەند خزمەتەکەى رەوایەو خزمەت بە مرۆڤەکان دەگەیەنێت، ئایا بەڵگەت لایە کە لە بەرژەوەندى گشتى دابێت ئایا یاساى وڵاتەکەت، پەیڕەو پرۆگرامى حزبەکەت یان رێنماییەکانى حکومەتەکەت پەسند دەکرێت لە لایەن زاناو رۆشنبیرەکان و فەقیهە دڵسۆزەکان، یان هەروەها هەڕەمەکى شت دەڵێیت و دەنوسى بێ ئەوەى بیر بکەیتەوە وەک ئەڵێن بەردێ نەزان داى بنێت بەسەد زانا چارەسەر ناکرێت نەوەک ئێستا بوە بەباو تەنهاو تەنها مەبەست ناو دەرکردن و خۆ دەر خستنە بۆ خەڵکانێک وەک خۆیان بیر بکەنەوە بەڵێ دروستە هەر کەسێک وتەیەکى جوان و گونجاوى بیست یان خۆی خاوەنى بێت یان هەر پێشنیارو رێنماییەک هەبێت بیگەیەنێت بە غەیرى خۆى…. ئەوەش وەبیر خۆمان بێنینەوە و یەقینمان هەبێت یاساى خوا تەحەکوم بە جوڵەى گەردوون و ژیان دەکات تەحەکوم بە مێژوو دەکات گۆڕانکارییەکانى گەردوون رێکدەخات ئەمەش بۆ هەمووانە، جیاوازى کەس ناکات و گشتاندنە بۆ هەمووان وەک لە ئایەتى 123 ى سورەتى النساْ دا هاتووە (لَّيْسَ بِأَمَانِيِّكُمْ وَلَا أَمَانِيِّ أَهْلِ الْكِتَابِ ۗ مَن يَعْمَلْ سُوءًا يُجْزَ بِهِ وَلَا يَجِدْ لَهُ مِن دُونِ اللَّهِ وَلِيًّا وَلَا نَصِيرًا) واتە پاداشت و رێزو نرخ بە پێوەرى خۆى دادەندرێت نە بە ئارەزووى ئێوەیە نە بە ئارەزووى ئەهلى کیتابە هەر کەس ناراست بڕوات و خراپە بکات جەزاى خۆى وەردەگرێت کەسیش نییە لەم کەونەدا داڵدەو پشتیوانى کەسێک بکات جگە لە خواى پەروەردگار، بۆیە خواى گەورە داوا دەکات لە مرۆڤەکان (وَمَا اخْتَلَفْتُمْ فِيهِ مِن شَيْءٍ فَحُكْمُهُ إِلَى اللَّهِ )سورەتى شورا ئایەتى 10، ئەمەیە میزانى حوکم با لەم فەوزایە دەرچین گوێڕایەڵى یاساکان بین نەک گوێڕایەڵى ئارەزووەکان بەڵێ هەموو کەسێک کار دەکات سەرگەرمى کەسابەت و خواست و ئارەزووەکانى ژیان دەبێت، بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت ڕۆژێک لەکار دەکەوێت جا بۆ کارو کردەوەکانمان لە خزمەت خۆمان و مرۆڤایەتى دانەبن، بۆ مرۆڤەکانمان خۆشنەوێت بۆ هەوڵبدرێت رق دروست ببێت لە نێوان مرۆڤەکان بۆ ببین بە کۆیلەى کەسانێک کە خوێنى من و ئەم و ئەو بمژن، دەرکەوت بۆ هەمووان هەر کەس چاڵى بۆ کەسێکى تر هەڵکەندووە خۆى تێکەوتووە با حاشا لەمە نەکرێت وەک ئاماژەمان پێدا هەموو گەل و ئوممەت و کەسێک کارى عەمەلى خۆى هەبووەو ئەبێت تا رۆژى قیامەت بزانن هەموو دێتەوە رێگامان کۆپى کراوە. خۆشبەختى بۆ ئەو گەل و نەتەوانەى کە لەگەڵ خوا پاشان لەگەڵ خۆیاندا راستگۆ بوون (كَذَٰلِكَ زَيَّنَّا لِكُلِّ أُمَّةٍ عَمَلَهُمْ ثُمَّ إِلَىٰ رَبِّهِم مَّرْجِعُهُمْ فَيُنَبِّئُهُم بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ) الانعام ئایەتى 108 گەڕانەوە بۆ لاى خواى پەروەردگار حەتمییەو ئەملاو ئەولاى نییە، ئاگادار دەکرێنەوە بۆتان تۆمار کراوە کە لەتەمەنى عومرتان دا چیکراوە. بە بیرى خۆمانى بێنینەوە کە گوتراوەو دەگوترێتەوە ئەوانەى لە سایەى بنەماڵەو تەوریسەوە پلەو پۆستیان بە دەستهێناوە جێگەى ئومێد نەبوون و نابن وەک ئەگوترێت ئەوانەى بە ئاسانى دێن بە ئاسانیش دەڕۆن ئاشکرایەو شاراوەنییە لە کەس سومعەى پاکى مرۆڤ هەرگیز بە پلەو پۆست نییە، بەڵکو سومعەى مرۆڤ بە خۆپارێزییە لە( تێوە نەگلان بە گەندەڵى و گەندەڵکاران و خزمەت کردن بە ئەجینداى ناپاکان و هەڵگەڕانەوە لە پرەنسیپە دینى و نیشتمانى و داب و نەریتە پەسندکراوەکانەوە) مرۆڤ دۆستان هاونیشتمانیان با شوێن یاساى خواى پەروەردگار بکەوین، چونکە یاساى خوا نە دەگۆڕێ و نە لە جێگەى دادەنرێت (فَلَن تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَبْدِيلًا ۖ وَلَن تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَحْوِيلًا)
سورەتى فاگر ئایەتى 43 کاتێک یاساو قانون سەروەر نەبوو یاسا جێبەجێ نەکرا ئارەزووەکان لە سەرووى یاساوە بوون ئەمە حاڵمان دەبێت ناکرێت هەر کەسەو بە ئارەزووى خۆى چۆنى ویست وەها شەن و کەوى بکات، کاتێک لەناو کۆمەڵگەیەکى مسوڵماندا بە مسوڵمان ناسراون و خۆیان بە مسوڵمان ناوناوە، بەڵام کە قسە دەکەن درۆ دەکەن هەیە ئەوەندە درۆى کردووە بووە بە درۆزان کاتێک پەیمان و بەڵێنێک دەدات پێچەوانەکەى دەجوڵێتەوە یان جێبەجێى ناکات یان ئەمانەتێکى لا دا دەنرێت یان پێى دەسپێردرێت خیانەتى لێدەکات لە نێوان دوو کەس یان زیاتر بەڵێن دەدرێت واژوویان لەسەر کردووەو سوێندیان لەسەر خواردووە خیانەت دەکرێت لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە ئەسڵى ئیمان باوەڕ بوونە بە پێغەمبەران کە لەلایەن خواى پەروەردگارەوە هەڵبژێردراون بۆ ناو گەلان کۆتا پێغەمبەرى خوا محمد درودو سەلامى خواى لەسەر بێت دەفەرموێت بۆ هەموو بەشەریەت (آية المنافق ثلاث اذا حدث كذب، واذا وعد اخلف وإذا أؤتمن خان) بوخارى و مسلم گەر ئەم فەرموودەیە جێبەجێ بکرێت دونیا دەبێت بە شامى شەریف، بەڵام سەد حەیف و مەخابن قەدرمان نەزانى…
تەنهاو تەنها رزگاربوونمان پابەند بوونە بە شەرعى خوا.
السلام علیکم

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close