نوسەران

وڵاتێکی دەوڵەمەندو تراژیدیایەکی بەردەوام…

وڵاتێکی دەوڵەمەندو تراژیدیایەکی بەردەوام…….

ھەرێمی کوردستان وەک نمونە…!!

علی حاجی زەڵمی

سەرەڕای ئەم ھەموو دەردو پەتایە کە جەستەی ھەرێمی کوردستانی داتەنیوە،بەتایبەت لەزەمەنی بەناو دیموکراسی و ھاوپەیمانی سیاسی ھەمەجۆرو فرەرەنگ و حکومەتی بەناو بنکە فراوان و راگەیاندنی دەیان نەخشەو پلانی ئابووری و فرۆشتنەوەی ئایدۆلۆژیاو ستراتیژی بێکرداری و پڕۆگرامی پان و پۆڕی ئابووری، دەرکردنی یاساو رێساو رێنماییە بێبەرھەمەکانیان و کردارەکانی مەسح و روپێوو دەرھێنانی نەوت و دۆزینەوەی بیرە نەوتی زیاترو ھەبوونی دەیان سەرچاوەی کانزایی و داھاتی دیکەی بەنرخ و پڕ خێرو بەرەکەت و لەسەرو ھەموشیانەوە ئاشکرا کردنی گەورەترین بودجەی زەبەلاحی وڵات کە لەسەرو بودجەی ساڵانەی چوار وڵاتی ھەرێمی دەوروبەری خۆیەوە بە یەکجار دەبوایە بەپێی ئەو ھەموو نەخشەو پلان و پڕۆگرامە ئابووریە پان و درێژانەو بەپێی ئەو بودجە زەبەلاحە ، دەبوایە ئێستە دانیشتوانی کوردستان بە سەرجەم پێکھاتە نەتەوەیی و رەگەزی و ئایینی و مەزھەبی و ھۆزو تیرەکانی دیکەیەوە گەلێک زیاتر لە دانیشتوانی وڵاتانی ئەمریکاو ئەوروپاو چین و ژاپۆن و دانیشتوانی کەنداوی خوارووی سنووری عێراق زیاتر خۆشترو ئارامترو ئاسوودەتر بژیانایە، دەبوایە ھەندێک لە دانیشتوانی ئەو وڵاتانە لەبەر بێکاری و ناجێگیری باری ئابووری و سیاسییان پەنایان بۆ ئەم وڵاتە پڕ خێرو بەرەکەت و کاروبارە زۆرانە بھێنایەو داوای مافی پەنابەرێتی مرۆیی، یان سیاسیان لێبکردینایەوە، لە ھەمانکاتدا نەخۆشخانەی فرە پێشکەوتووی وەھاشی تیادابوایە، کە نەک ھەر ھاوڵاتی و سەرکردەو لێپرسراوو سەرەک وەزیرو سەرکۆماری خۆمانی تیادا چارەسەر بکرایە، بەڵکو ھاوڵاتیانی وڵاتەکانی دیکەو سەران و بەرپرسانی نەخۆشی ئەو وڵاتانەشی تیادا چارەسەر بکرایە، نەک دەیان ملیۆن دۆلار لە چاوتروکانێکدا بۆ چارەسەری پزیشکی گەورەترین کەسایەتی وڵاتمان لەوڵاتانی دیکە خەرج بکرایەو ھاووڵاتی سادەو ساکاری تریش بەدەست دیارترین دەردو نەخۆشی خۆی و منداڵەکانیەوە بناڵێنێت و کەچی لە سادەترین خزمەتگوزاری ئاسایی پزیشکی و چارەسەرەکان بێبەش و مەحروم بێت.

بابەتی دیكە

Close