نوسەران

لە نێوان موناقەسە و موزایەدەدا

لە نێوان موناقەسە و موزایەدەدا
ھەژموونی لایەنە كوردییەكان و خەونی بە گەمژەكردنی خەڵك

ئاری عەبدولەتیف

لەم دۆخە چەقبەستووە نالەبارە سیاسیی و ئابوورییەی خەڵكی كوردستانی تێكەوتووە، ھێز و لایەنە كوردییەكان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە ‘ئەگەر وادابنێین ئۆپۆزسیۆن دروست و تەواون’ لەبەردەم پرسی ستەمكاریی و نادادیی و بەتاڵانبردنی سامانی نیشتیمانیی و خراپیی ڕەوشی ژیانی خەڵك و نەبوونی خزمەتگوزارییدا وەك بەرپرسیاری یەكەم ھەژمار دەكرێن.

لەم نێوەندەدا، ھەر حیزب و لایەنێك بۆ خۆبێبەرییكردن و تەبەڕڕابوون لە فەساد و خۆكردن بە شاسواری مەیدانی خزمەت و خەمھەڵگریی ھەرێمەكە خۆیان مانیفێست دەكەن و بەمەش ماكینەی نیومیدیا و سۆشیالمیدیا و ڕای گشتیی و شەقامیان قۆرخ كردووە.

پرس و بابەتی ئالیەتكاریی ھەردوو چەمك و چەكی (موناقەسە و موزایەدە)، وەك دوو بژاردەی بە فریشتەكردن و بە شەیتانكردن، ھەمیشە لە دەمار و دەنگی ئەم لایەنە كوردییانەدا ئامادەیی ھەبووە و ھەیە، ئەو دوو زاراوەی كە بە بنەچەی فۆڕم و ناوەڕۆك شتێكن و لە بەكاربردنیشدا لای ئەم ھەژموونانە شتێكی تر.

ھەردوو زاراوەكە لە عەرەبییەوە ھاتوون و بۆ خۆیان جگە لە دوو چەمكی نێو كایەی كڕین و فرۆشتن و بازرگانیی و دواجاریش وەك ئەوەی لەم دواییانەدا خراونەتە نێو بازنەی ڕێكاری یاسایی و یاسای بازرگانی بۆ دەرچوێنراوە، ھەڵگری دوانەی كەم و زیادكردنن بۆ كۆمەڵێك بواری جیاوازی بازاڕگەریی و دەستكەوت و سوود و قازانج.

موناقەسە (كەمگەری)، بە واتای لە كەمیدان و كەمكردنەوە و كورتھێنان و بە كز و كەم تەماشاكردن و ھەژماركردن و موزایەدە (زیادگەری)یش بۆ خۆی ھەڵگری چەمكی زیادكردن و پیشاندانی پلەی بەرزتر و زیاتر دێت.

ئەوەی جێگەی باسی ئەمڕۆی سیاسەتی ھەرێم و بەرنامەی حیزبەكانە ئەوەیە كە زاراوەی موزایەدە لەمڕۆدا قۆسراوەتەوە بۆ پێشكەشكردنی خەم و خزمەت و خەونی زیاتر بۆ خەڵك و بانگەشە بۆ بە فریشتەكردن، كە لە بنەڕەتدا ئەگەر ئامانج ڕوون بێت و درۆ نەبێت باشترینە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتی زیاتر، بەڵام وانییە و ھەڵگرانی ئەم چەمكە جگە لە موماتەڵە و خۆڵكردنە چاوی خەڵك و خۆبردنە پێش ھیچی تریان لە ھەگبە نییە و لە بەرامبەریشدا نەیارەكانی ھەڵگرانی ئەم چەمك و زاراوەیە بەوە تۆمەتبار و سووك دەكرێن كە تەنیا بۆ خۆدەرخستن و دەنگكۆكردنەوەیە.

پێچەوانەكەشی ھەر ڕاستە و ھەڵگرانی زاراوەی موناقەسە كە زیاتر لایەنانی دەسەڵاتدار یان پێڕەوانی گوتاری بێدەنگ و شەرمن و سەركز دەگرێتەوە ھەمیشە لە برەوی بە كەمسەیركردن و كۆتاكردنی ھەوڵ و پڕۆژە پێشنیاركراوەكاندان بە تایبەت ئەوەی لەسەر بەڕەیە و كاری نەكردەیە، جگە لە پرۆگرام و پڕۆژە بەناو بەھەشتییەكانی خۆیان.

ئێستا ئیدی ئەوەی لەم ھەرێمەدا دەگوزەرێ، بە ھەڵگرانی ھەردوو چەمك و چەندین چەمكی تری وەك موبایەعە و موقاتەعە و مونافەسە، خەونی كورد و ئاسۆی نەتەوەیان ڕەش كردووە و لە ھەموو ساتێكدا گوێت لە تۆن و ئاوازێكی بێتام و سواو و مەئلوف دەبێت، خەڵكیان كردووە بە مشكی تاقیگە و كۆی پرس و پرۆسە و كایەی كاری خەباتی ڕزگاریی نەتەوەیی و قەڵەمڕەویی و حكومەتداریی و پەرلەمانییان ڕسوا كردووە و ھەر جارە و شەتەحاتێك دەكەنە ڕۆژەڤی ڕۆژ و پۆپۆلیستانە عاتیفە و عەقڵی ھاوڵاتیانی پێ بەنج دەكەن.

ئەوەی ڕۆژانە دەیبینین جگە لە موزایەدە و موناقەسە و دروشمسازیی ھیچی تر نییە و فەرموو كێ دەیەوێت خزمەت بكات بە خاك و خەڵك، ئەوە عەرز و ئەوەش گەز، خەڵك تاقەتی چوو لەدەست ئەم بانگەشە و نمایشە سواوانە، بەڵام سەیریش لەوەدایە شەقام و ڕای گشتیی كوردیی سەرباری ئەو ھەموو ھیلاكیی و بیمارییە ھێشتا گۆرانیی بۆ ئەم یارییە بێتام و سواوانە دەڵێنەوە و وەك ئەوەی نە بایان دیبێت نە بۆران، تازە مناڵ دەبنەوە بۆ تاوێ گریان، ئەمەش ھەمووی نەبوونی ھۆشیارییە و ڕادەستكردنی ئیمان و ئیرادەیە بە ھێزگەلێك كە بە ئارەزووی خۆیان و ئەجێنداكانیان خەڵك دەكەنە كۆیلە و دەربار.

ئاری عەبدولەتیف

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close