نوسەران

ساڵ بەساڵ خۆزگە بە پار

عەلی حاجی زەڵمی
بۆنە ئایینی ‌و بۆنە نەتەوەییەکان داب ‌و نەریتی تایبەتی خۆیان ھەیە و لە ھەر ووڵات ‌و ناوچەیەک دا شێوازی بەڕێوەبردنی جیاوازە، لای خۆمان جەژنە ئایینیەکان تەنھا دوو جەژنە و لەوە تێناپەڕێ، بێگومان خەڵکی موسوڵمانی ئەم ووڵاتە بە شەوق ‌و زەوقێکی تایبەتی ‌و بە جۆش ‌و خرۆشێکی ئیمانیانەوە خۆیان ئامادەی جەژنەکان ئەکەن ‌و بازاڕەکان لە ڕۆژەکانی عارفە و بگرە پێشتریش دا جمەیان دێ، چونکە باوەڕ سەرچاوەی خۆشەویستی ‌و خۆشی جەژنە ئاینیەکانە ھەڵبەت ئاینەکانی تریش بۆنەی تایبەتی خۆیان ھەیە یەکێک لەو بۆنە ئایینیانە بۆنەی (سەری ساڵی زایینی)یە کە بۆنەیەکی مەسیحی دێرینە، ھەڵبەت لەگەڵ گۆڕانی ساڵەکانی زایینیدا ئێمە واتە نەوەی (کورد) تا ڕادەیەک پێی ئاشنا بووین بەڵام لەگەڵ کرانەوەمان بە ڕووی جیھاندا و ھاتنی شەپۆلی عەولەمە بەسەر ھەموو ووڵاتاندا، گۆڕانکاری لە چۆنیەتی ئاشنابوونی نەوەی نوێ بە جەژنەکانی تر ھاتە ئارا کە تەئسیراتی سلبی تا ڕادەیەک دروست کردووە لەسەر باوەڕی گەنج، چونکە دەپرسیت کام جەژنت بەلاوە خۆشە و گرنگە، دەڵێت جەژنی سەری ساڵ بەڵام لە ڕووی جەوھەرەوە ئەو جۆرە لە گرنگی پێدان نابینرێت، کاتێک دەڵێیت بۆچی؟، لە وەڵام دا ئەڵێت: چونکە گۆڕانکاری ڕوو ئەدات ‌و ساڵی کۆن خواحافیزی ئەکات ‌و نوێ دێتە جێگەیی ‌و ساڵێکی نوێ لە تەمەنمان زیاد ئەکات، کە ھەرچەندە لە واقیع دا وانییە، واقیع ئەوەیە کە ئەبینرێ.. ساڵ لە دوای ساڵ ووڵات بەرەو نەھامەتی ‌و کەموکوڕی ‌و تەنگژەی سیاسی زیاتر ئەڕوات، ھەموو ساڵێک ئەڵێین خۆزگەمان بە پار، ئیتر کامە گۆڕانکاری؟، ڕەنگە گۆڕانکاری ئەوە بێت لە جیاتی ساڵی (٢٠٢٠) لەسەر تەختە ڕەشی قوتابخانەکان یان بەرواری سەر نوسراوەکان ئەنوسرێت (٢٠٢١)‌و… ھتد. یان پاپا نوئێلەکانی کورد لە بری جەژنانە گیرفانی بچووکی مناڵان بە شتی پڕ‌وپووچ خاڵی ئەکەنەوە و دەستە خنجیلانەکانیان لە بازاڕی ڕەش ‌و بۆگەنی کارتۆنی دا ئەبڕنەوە، بێ مانایی ئەم بۆنە و ھاوشێوەکانی بۆ نەوەی کوردی موسوڵمان ئەکاتە ئەوەی کە دواجار کاڵتر و کاڵتر ببێتەوە و ڕووی ڕاستەقینەی جەژنە ئایینیەکانی خۆمان لە واقیعی ڕوون دا ببینرێ، گەر ھۆشیاری ئایینی لە زمانی زانا ئایینییەکانی ئیسلامەوە زیاتر ببیسترێ ‌و گەنجی ئێمەش ئەوەندە ساویلکە و ڕوکەش بین نەبێ! ئەگین گۆڕانکاری لە پێشکەوتنی ووڵاتدا نەک نابینرێ بەڵکو پاشکەوتن لە عەقڵی بە ناو مۆدێرنەش دا ئەبینرێ ‌و لە بری گڵۆپ ‌و سورەییا چراو لۆکس لە ژووری نان خواردنمانا ئەبینرێ، کەواتە بابالۆرەکانی خۆمان و پاپانوئێلەکانی بۆنەی سەری ساڵ ھەر ئاسنی سارد بکوتن، پێشینانی خۆشمان جوانیان فەرمووە (ساڵ بەساڵ خۆزگە بە پار).

بابەتی دیكە

Close