نوسەران

ھەڵەبجە، مۆنۆپۆلكراوە یان فەرامۆشكراوە؟

ئاری عەبدولەتیف

لە پاش (٣٢) ساڵ لە كۆمەڵكوژیی و جینۆسایدی ھەڵەبجە لەلایەن حكومەتی عێراقی تۆتالیتاریزمی بەعسەوە، شار چەندین قۆناغی بینینی دەسەڵاتی جۆراوجۆری تێپەڕاندووە لەژێر فەرمانڕەوای كوردیدا، ھەر یەك لەو حیزبانەش بە ئارەزووی بەرژەوەندییەكانیان حوكمیان كردووە، بێ گوێدانە شوناس و مەرگ و مەلەفی ئازار و ئایندەی، ھەر لەسەرەتاوە بە ساڵیادی شین و شیعارەوە بگرە تا مۆنۆپۆلی جەستەی شار بە زمانی ئاگر و ئاسن و ئایدۆلۆژیا و بەكاربردنی وەك لەیستۆك و دەسڕی سواڵ و تەسفیە حساب و پارسەنگی ھێز.
لە ھیچ كام لەو دەورانانەی ھەڵەبجەی پاش كیمیاباراندا، خەڵكی ھەڵەبجە زیاتر بێ ھیوا كراون و زیاتر لە ڕووی ئازارشكاندن و ئاوەدانییەوە بێبەش كراون، بەڵام خوا ھەڵناگرێ عەقڵی عەسكەریی و بێ ئەرزشی ململانێ، باشتر باوەشیان بەم شارەدا كردووە، وەك زڕ برایەك ھەم خۆشیان ویستووە و ھەمیش ڕقیان بەسەردا باراندووە.
حیزبەكانی دەسەڵاتداری ھەڵەبجە، ئەم شارەیان بە ناوی خۆیانەوە كردووە و داگیریان كردووە لەبەر ئەو مەعنەویەت و ھێزە ڕۆحی و شوناس و توراسە مێژووییەی، ئەبێ باوەڕ بێنین ھیچ كامیان لە بەر چاوی ھەڵەبجەییەكان نزیكی ھەڵەبجە نەبوون، ئەوان باوەڕیان بە شەڕی نفوز و بەرژەوەندیی و مۆنۆپۆلی زۆن ھەیە، ئەمەش بە فاكت سەلمێنراوە.
لەپاڵ ئەمەشدا، بە دیوێكی تردا، ئەم شارەیان فەرامۆش كردووە لە ڕووی ئیدارەدان و كارگێڕیی و تەرخانكردنی بودجە و بیناكارییەوە، وەك دەوترێت، بەستویانەتەوە بەڵام بەڕەڵاشیان كردووە ـ (بەڕێزەوە بۆ ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییەكان)! ئاخر كە تۆ شارت مۆنۆپۆل كرد، دەبێت بەخێویشی بكەیت، ھەر لانی كەم ھەڵگری دەستەواژەی (الاستعمار)ی عەرەبیی بن، یان دوو پارك و چوار مۆڵ و دوو دامەزراوە و چوار جادەی بۆ دروست بكەن، تا ھەر ھیچ نەبێت بۆ خۆیان و پەزەكانیان ببنە ھۆی خۆشمەشرەبییان لەو ساتانەی تێیدا ئەژین بە ناچاریی.
دواجار ئیتر ماوەتەوە بڵێین، ھەلەبجە مۆنۆپۆل كراوە و فەرامۆشیش كراوە، مۆنۆپۆل بۆ جێبەرژەوەندیی و ھاوسەنگی ھێز و زۆن و فەرامۆشییش لە پێناو ئەوەی ھەڵەبجەییەكان و خودی شارەكە وەك بەرزترین شكۆی ئیمان و ئەدەب و تەمەدون و كەلتوری ڕۆشنگەریی، خواردنی ھیچیان نییە، مەگەر حكومەت و ھێزێكی فریادڕەس و تیماركار، كە مەبەستیان كوردبوون و گەشەی كۆمەڵگەی كوردستان و ئاوەدانیی و ئایندەسازیی بێت.!

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close