بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامینوسەرانهەواڵ

سەرۆكگۆڕین داھێنانی كێیە؟

ئاری عەبدولەتیف

چۆڵكردنی پۆستی یەكەم و دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە حیزبی كوردیدا بزووتنەوە دایھێنا، بە درێژایی (١١) كۆنگرە لە ساڵی (١٩٨٧)ەوە، تا ئەمڕۆ ئەم حیزبە شەرەفی ئەوەی پێبەخشراوە كە نەك جارێك شەش جار پۆستی سەرۆك و ڕابەرایەتیی بگۆڕێت بۆ كەسێكی تر.
لەگەڵ ئەوەی بزووتنەوە حیزبێكی ئیسلامییە و دەكرێت بە شورا و ڕاوێژ و بەیعەت تەنیا ڕابەرێك بە خەسڵەت و ئەھلیەت و ھێزی ڕابەرایەتیی دیاریی بكرێت تا مردن، كەچی لە پێناو باشتركردن و گەشە و دوركەوتنەوە لە قۆرخكاریی، وەك یەكەم ڕێكخراوی ئۆرگانیی دەستی برد بۆ ئەم بابەتە و ئیتر پاش بزووتنەوە ھەر ھێزێكی تر بانگەشەی ئەفراندنی گۆڕینی كەسی یەكەم بكات بێئاگایە لە دەوروبەر و بەس خۆی دەبینێت.
ئەگەر نەڵێین ھەموو، زۆرینەی حیزبی كوردیی لە ھەرێمی كوردستاندا بڕوای بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات و پۆستی یەكەم نەبووە، سەرباری بانگەشەیان بۆ كرانەوە و دیموكراسییەت و لیبڕالیی و تەمەددون.
بەم میتۆدە بۆمان دەردەكەوێت بزووتنەوە حیزبێكی كراوە و دیدەڕۆشن و خاوەن گۆڕان و ڕیفۆرمە و لە زۆر بواردا لە پێشەوەی ئەزموونی حیزبایەتییە، بە نموونە: (ھەوڵی یەكبەرەیی و بانگەواز بۆ یەكگرتنی ئیسلامییەكان بە فتوای ڕابەری ڕابوونی ئیسلامیی و عەللامە و زانا جەنابی م. مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە سەرەتای نەوەدەكاندا و ھەوڵی بە جینۆسایدناساندنی پرۆسەی بەناو ئەنفال و كیمیابارانی ھەڵەبجە لە دنیای دەرەوە لە لایەن ھەردوو ڕابەری زانا م. مەلا عوسمان و م. مەلا عەلی لە دوا ساڵەكانی ھەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكاندا و ھێنانی دەستی خێرخوازیی وڵاتان بۆ ھەتیوان و ھەژاران و ئاوەدانكاریی لە لایەن ڕابەرێكی تری ئەم حیزبە م. مەلا سدیق لە سەرەتای نەوەدەكاندا و بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی و ئەدەبیات كە پشكی گەشی ھەیە لە تەمەنی خۆیدا لە دەورانی ھەردوو ڕابەری برا و تا دەگات بە پەخشكردنی ڕاستەوخۆی تەواوی ناوەڕۆكی كۆنگرەكانی وەك ڕوماڵی میدیایی، لە دەورانی ڕابەرێكی تری وەك م. مەلا محمەممەد مەلا عومەر و ھێنانەپێشەوەی ئەم كەسایەتییە بە ئەزموونێكی نوێی خۆكۆكردنەوە و پاشان چۆڵكردنی پاش ماوەیەكی كەم وەك ئەرك و ڕێز بۆ ڕابەرێكی تر كە ئەمەش داھێنانێكی تر بوو لە سیستەمی چەقبەستووی كاری ڕێكخراوەییدا، لەگەڵ ئەوەی لە ڕابردوودا دوو كەسایەتیی دیكەی وەك شێخ سدیق سەرگەتیی و شێخ محەممەد بەرزنجیی پۆستی ڕابەرایەتییان بە دڵخواز و عەقڵی پیشاندانی ئەھلییەت و شایستەیی بەخشی بە پاش خۆیان لە ناوەڕاست و كۆتایی ھەشتاكاندا لە قۆناغێكی جیاوازدا، لەگەڵ ئەوەی ڕابەرێكی گەنج و خوێندەوار دەبێتە دوا ڕابەری ئەم حیزبە كە ئەویش م. عیرفان عەلی عەبدولعەزیزە و لەم قۆناغەشدا تا ئێستا ئەم ڕابەرە گەنجە كە بە ئەندازیاری برایەتیی ئیسلامیی و ڕابەرە نەرمەكە ناودێر كراوە، چەندین دەستكەوتی گرنگی بۆ ئەم حیزبە چێكردووە وەك ھەستانەوە و بە ئۆرگانیككردن و فراوانكردنی زۆن و مەكتەب و گەشەی رێكخستن و مەڵبەندەكان و .. تد)، لەم ھەموو قۆناغانەدا بیر و كۆشش و ئەزموونی دەیان كادر و سەركردەی شەھید و مامۆستا و مەلا و پێشمەرگە و سەركردایەتیی و ڕۆشنبیر ناكرێت وەلا بنرێن و ھەر یەكەیان بە ئەندازەی تێكۆشان و دڵسۆزییان لە ماكینەی ئەم ڕیفۆرم و گەشە و ئەزموونانەدا جێدەستیان وەك مانگی چواردە دیارە).
بزووتنەوەی ئیسلامیی سەرباری دەیان قەیران و ڕووبەڕووكردنەوەی بە حەسار و ھەوڵی وەدەرنانی لە كایەی سیاسیی و نەبوونی داھات و بێبەریكردنی لە دەستكەوتەكانی شۆڕش و خەباتی ڕزگاریخوازیی و مەیلی ناوەكیی و دەرەكیی بۆ تەسفییەكردنی، كەچی ھێشتا تاكە حیزبی بە پێشەنگمانەوەیە وەك چەتری موسڵمانان و دایكی حیزبە ئیسلامییەكان و بە ئێستەشەوە ھەزاران كادر و پتشمەرگە و ئەندامی حیزبی ئیسلامیی تر كە باس لە سەروەریی و دوێنێی خەبات دەكەن، ناتوانن ئاماژە بە ئەو ڕۆژگارانە نەكەن كە سەرباز و موجاھید و نانخۆری بزووتنەوە بوون، بەڵام بە كەمێك گۆڕانكارییەوە دەڵێن (بزووتنەوەی ئیسلامیی ڕابردوو)!

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close