نوسەران

ئەودەمەی دژایەتی دەکرێی!!

    عوسمان حەکریم زەڵمی

     بەدڵنیاییەوە، ھەروا جیاوازی ھەیە لە (واتاو مانا)ی ئەم دوو زارەوە (الصالح) و (المصلح)دا، ھەرواش (سەوداو ھەڵوێست) نواندن بەرانبەریان، جوداو جیاوازە، لەلایەن توێژی (دەستڕۆیشتووی بەرژەوەندیخوازی)ی ناو خەڵکی.   

  ـ (الصالح)، ئەو کەسەیە کەوا (خێرو بێرو کەڵک و سوود)ی بۆ خۆیەتی، یانی مرۆڤێکی (چاک و بێوەیە(.

  ـ (المصلح)، ئەو کەسەیە کەوا (خێرو بێرو کەڵک و سوود)ی بۆ خۆی، وە بۆ خەڵکییە، واتە ھەروا خۆی چاک و بێوەیە، ھەرواش خەڵکی ناو کۆمەڵگەی فێردەکات، تاوەکو چاکە بکەن و لە خراپەش بەدوور بن.

  ـ ھەربۆیە کەسی (الصالح)، لەلای ئەو کەسانە خۆشەویستە کە (دەستڕۆیشتووی بەرژەوەندی پەرستن)و دوای ھەواو ئارەزوو دەکەون، بەبێ گوێدانە ڕەواو ناڕەوا. چونکە کەسی (الصالح)، زیانی بۆ بەرژەوەندی و خواستی ئەوان نییە.

  ـ بەڵام کاتێک مرۆڤ لە ناخیدا گۆڕاو بووە بە کەسی (المصلح)، ئەوکات لەلایەن ئەم جۆرە کەسانەوە کە (دەستڕۆیشتووی بەرژەوەندی پەرستن)، دژایەتی دەکرێت و پیلان لە دژی بەرپادەکرێت. چوون گەر خەڵکى (بەئاگاو ھۆشمەند)بن، حەتمەن بەرژەوەندی و خواستی ناڕەوای ئەوان دەکەوێتە لێژی و لەبەین دەچێت. 

   ـ نموونە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم تێڕوانیە، پێغەمبەر (ﷺ)ی پێشەوایە، بەرلەوەی ھەستێ بە ئەرکی چاکسازی، لەناو کۆمەڵگا، بە (ئەمین و صادق)، ناویان دەھێناو ڕێزیان لێ دەنا. بەڵام کاتێک کەوتە دژایەتی (خراپە)و چاندنی (چاکە)و وەک (مصلح)ێک، دەرکەوت، ئەوجا کەوتنە سەنگەر لێگرتن و دژایەتیکردنی. 

  ـ وەلەبەر ئەم ھەقیقەتەیە لە ئامۆژگاری بەناوباگی (لقمان)دا بۆ کۆڕەکەی، ھاتووەو ھانیداوە لەسەر ئارامگرتن، لە بەرانبەر نەیاری و دژایەتی خەڵکی بۆی: (يَا بُنَيَّ أَقِمِ الصَّلَاةَ وَأْمُرْ بِالْمَعْرُوفِ وَانْهَ عَنِ الْمُنكَرِ وَاصْبِرْ عَلَىٰ مَا أَصَابَكَ إِنَّ ذَٰلِكَ مِنْ عَزْمِ الْأُمُورِ/ لقمان: ١٧).

  ـ بەدڵنیاییەوە گەر وڵات خەڵکی (المصلح)ی تیابێت، ئەوە پارێزراو دەبن لە خەشمی خواو دەبنە براوە لەوەختی بەڵای تیاچووندا.

  ـ ھەربۆیە کەسی ھۆشمەند، پێی چاکە دژایەتی بکەرێت لەبەرئەوەی کەسێکی (مصلح)ـە، نەک خۆشیان بوێت لەبەرئەوەی کەسێکی (صالح)ـە. چوون ھەمیشە (المصلح) لە (الصالح) چاکترو بانترە، ھەروەک ھەموو (مصلح)ێک (صالح)ـە، بەڵام ھەموو (صالح)ێک (مصلح) نییە. 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close