نوسەران

وەفایەک بۆ ڕۆژی شەھیدانی بزووتنەوە

ناصیح مجید

ھەموو ساڵێک لە ڕۆژی ٢٧\١٢ برینێک لەو برینانەی کە بەدەستی پیسی دوژمنانی ئیسلام و بزووتنەوەی ئیسلامی لە جەستەی پیرۆزی ڕابوونی ئیسلامی کەوتووە ، جارێکی تر بەسۆ دێتەوەو قەدماغەکانی ئەو برینە نوێ دەبنەوە . کە ئەو ڕۆژەش بریتیە لە ڕۆژی شەھیدانی بزووتنەوەی ئیسلامی . کەلەم ڕۆژەدا کۆمەڵێک کەڵە پیاوی ڕابوونی ئیسلامی کوردستان شەھید بوون و بوونە قوربانی بۆ ئەو ڕێبازەی کە خۆی لەژێر دروشم شیعاری بزووتنەوی ئیسلامی کوردستاندا دەبینیەوە . بەخۆێنە گەشەکەیان مێژووی پڕ سەروەری ئەم ڕابوونەی کوردستانیان نوسیەوەو سەنگەری جیھادی کوردستانیان لەدژی ناحەزانی ئیسلام و موسڵمانان ھێندەی تر سەقامگیر ترکرد و بە ناحەزان و دوژمنانیان سەلماند کە ئەوان شوێنکەوتەی ڕێبازێکن کە چەندە دوژمنانیان تامەزرۆی ژیانن بۆی، ئەوان ئەوەندە تامەزرۆی بوونە قوربانین بۆی .کاروانی شەھیدان بەبەردەوامی ڕێگای بڕی سەرکردەکانی ئەم ڕابوونە ئیسلامیە چۆن لەمەیداندا پێشەنگ بوون ئاوەھاش ھەر پێشەنگی شەھادەت بوون . لەم ڕۆژەدا کەدەبێت ئێمەی میرات گری خۆێنی ئەو شەھیدانە ھەمیشە شانازی پێوە بکەین و دەبێت سوپاس گوزاری خوا بین بەوەی کە بووینەتە میرات گری پیاوانێک کە بەچاوتروسکانێک چاویان لەدونیا نەبووە ، کاروان بەردەوام دێت سەرکردەکان ڕێگا زیاتر ئاوەدان دەکەنەوە . پۆل بە پۆل دێن و ڕێگای جیھاد بەرنادەن، پێشەنگی دەکەن، شەھید دەبن . بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ جێگای مەخابنە ئەوەیە کە ئەو بزووتنەوەو ئەو کاروانە بێ ناز دەکرێ ڕۆژێک کۆمەڵێکی دونیا ویست دێن و لەم ڕۆژی شەھیدانەدا ، شایی لۆغان بۆ بکوژەکانیان دەکەن و ڕۆژێکی تر موقەدەساتی ئەم شەھیدانە دەدرێتە دەستی کەسانێک کە زمانیان ھەڵنایەت بەوخوێنە گەشەی شەھیدان و دەڵێن بزووتنەوە خاوەنی نزیکەی ٩٥٠ – ١٠٠٠ شەھیدە وەک دەڵین ، ڕۆژێکیش ئەم موقەدەساتە دەدرێتە دەستی کەسانێک کە تەنھا ناوی پیرۆزی ئەم رێبازی شەھیدانەش ناتوانێت تەلەفوز بکات و بە ناوو ناتۆرە ناوی دەبات و میراتی شەھیدان بەسەر خۆیی و ماڵ و مناڵیا دابەش دەکات و ئەوەی لە قاموسی ژیانی ئەواندا نەبێت خوێنی شەھیدان و مناڵە چاو گەشەکانیانە، ئەوەندە بێ ئاگان نەک ھەر پیرۆزی ئەم ڕێبازە نازانن ، نازانن بنەماڵەی سەر بەرزی شەھیدان کێن ، ڕەنگە مناڵە شەھیدەکانیش بەپاساپۆرتیش نەتوانن بچنە لایان . موقەدەساتی ئەم شەھیدانە لەدەستی کەسانێکدان تا دۆێنی بازرگانی بە خوێن و ڕەنجی ئەوانەوە کردووە .ئێمەش دەڵێین ئەی شەھیدە سەربەرزەکانی ئیسلام لە ھەرجێگایەکی کوردستاندا شەھید بووبن دڵمان ئارامگاتانە ، سەرمان کێلی قەبرتانە . بنوون قوربانیانی ئیسلام بنوون ، دڵنیام لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا جارێکی تر و دەیان جاری تر خۆێنەکانتان بروسکەی شۆڕشێکی نوێ لێدەدەن و کاروانێکی تر لە پیاوانی ڕابوونی کوردستان جێگا پێی پیرۆزتان ھەڵدەگرن و ڕێبازەکەتان نۆژەن دەکەنەوە، ئەو ئاڵاپیرۆزەی ھەڵتان گرتبوو بەشەکاوەیی دەمێنێ با ناحەزان و نەزانەکان و کاڵ فام و بازرگانەکانیش پێیان ناخۆش بێت . سڵاو ھەزار سڵاو لەو سەنگەرانەی کە ئێوە بەخوێنی خۆتان سورتان کردن و شەھادەدتان پیرۆز .

بابەتی دیكە

Close