نوسەران

ڕەنجیار خەرمانەی دیوانی بزووتنەوە

ڕەنجیار
خەرمانەی دیوانی بزووتنەوە
لە مێژووی دوور و نزیكی كاروانی ڕابوونی ئیسلامیی و بزووتنەوەدا، ھەندێك سومبول و كەسایەتیی ھەبوون كە بۆنی كتێبیان لێھاتووە و ھەر دەستیان بردبێت بۆ قەڵەم كتێبخانەیەك لە بەردەمیاندا لەرزیوە.
ئەمە مێژووە و ناشاردرێتەوە، ڕاستەقینەیەكی شكۆمەندانەیە بۆ كاروانێكی وەك بزووتنەوە كە خودان ئەم عەقڵ و ئاوەزە ڕۆشنانە بووە، بە درێژایی سێ دەیە لە سەدەی بیست و دوو دەیەی تریش لە سەدەی نوێ، كە بێ وەستان و كول بوون، بێ ماندووبوون و بەو پەڕی عیشقی ئاسمانییەوە، بە دڵێكی گەرم و سەیر پیت بە پیت و ڕستە بە ڕستە و كتێب بە كتێب و ڕۆژنامە بە ڕۆژنامەیان وەك باشترین درومانی مەعریفیی و ئەكادیمیی چنیوە و بە بیرۆكە و پێھەنگاوی شەوانەڕۆژ ویستی سەرخستنی ئەزموونی ئیسلامخوازیی و پێشەنگبوونی بزووتنەوەیان ھەبووە.
نوسەر و مێژوونووس و ڕۆشنبیر (كاك ئەحمەد ڕەنجیار)، یەك لەو شاسوارانە بووە كە تا كورد و ڕابوونی ئیسلامیی و بزووتنەوە بمێنن، شانازیی دەكەن بە جوامێریی و دڵسۆزیی لە ڕادەبەدەری ئەم شاسوارەی ڕۆژنامەگەرییەوە.
ئاخر من زۆر نزیك بووم لێیەوە، ڕەنجیار كوڕی شەرعیی دڵسۆزیی بوو، لە ساتەوەختی پێشمەرگەبوونی تا سەروەختی خزمەتی لە ڕۆژنامە و میدیای بزووتنەوە و ئەرشیف و ئۆرگانە جیاوازەكان، كە كەم ڕێكخراو و پارت ھەبوون كادری لەم جۆرەیان ھەبووبێت بە ئێستەشەوە، لە ڕۆحی گەورە و نیانیی و خەونی ئایندە و دەوڵەمەندیی كار و پڕۆژەش بۆ خۆی كەموێنە بوو.
جگە لە چەندین بەرھەمی وەك تەفسیری قورئان و كۆمەڵە كتێبێك، دوا بەرھەمی كە تەواوی كرد و نزیك بە ھەزار لاپەڕە بوو لەسەر بزووتنەوە و خەبات و ژیانی سیاسیی جەنابی ڕابەری گشتیی م. مەلا عەلی عەبدولعەزیز، شاھێدم كە چەندە ھیلاك و شەمزا بوو بە دەستییەوە، بەڵام حەیف تا خۆی لە ژیان بوو چاۆ نەكرا، ھەرچەندە بڕیار بوو بۆی چاپ بكەن بەڵام دواكەوت.
ڕەنجیار ئەو پیاوەی تەمەنی بۆ سەرخستنی كاروانی میدیا و ڕۆژنامەگەریی بزووتنەوە تەرخان كرد، بە جەستە مرد، بەڵام ناوی بە زیندوویی لەسەر تەختی نێوچاوانی من و ھەموو بزووتنەوەكان و ڕابوونی ئیسلامیی كوردستان دەدرەوشێتەوە.
نوسین و شیعر و ڕۆمان، شین و زەنا، كتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار، بەرنامەی ڕادیۆ و تیڤیی و ھەزاران باخە قامیشی خامە و دەریای مرەكەب، كەمن بۆ گوزارشت لەم ئەحمەدە، ئەگەر نەتەوە زیندووەكانی دونیا دەیان ئەحمەدیان ھەبووبێت، كورد و ڕابوون و بزووتنەوە ھەر ئەم ئەحمەدەی بەس بوو، بەس و بەس.
بیرتەكەم ڕەنجیار
خۆشمەوێیت پیاوی ڕۆژنامە و مەعریفە و ژیار
ڕۆحت شادی بەھەشت بێت
ئاری عەبدولەتیف
٢٠٢٠/١٢/٢٩

بابەتی دیكە

Close