كەش و هەواكوردستانهەواڵ

کەشناسی: باران بارین دەستپێدەکاتەوە

ده‌سته‌ی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی عێراق رایگه‌یاند، له‌ رۆژی دوشه‌ممه‌وه‌ بارانبارین له ‌ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێده‌كات و تاوه‌كو رۆژی پێنجشه‌ممه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

ده‌سته‌ی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی عێراق له ‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە، كه‌شوهه‌وای ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق په‌ڵه‌ هه‌ور ده‌بێت و پله‌كانی گه‌رما كه‌مێك به‌رزده‌بنه‌وه‌، به‌شێك له‌ ئاسمانی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌هه‌مانشێوه‌ هه‌ور ده‌بێت و پله‌كانی گه‌رماش به‌رزده‌بنه‌وه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، كه‌شوهه‌وای ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٢ی٣ی٢٠٢١ ئاسمان‌ نیمچه‌ هه‌ور ده‌بێت و پاشان ده‌گۆڕێت بۆ هه‌وری ته‌واو له‌گه‌ڵ بارانبارینێكی كه‌م له‌ ناوچه‌ جیاجیاكان و پله‌ی گه‌رماش كه‌مێك به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌.

ئاشکراشیکردووە، رۆژی سێشه‌ممه‌ خۆڵبارینێكی سوك ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی وڵات ده‌گرێته‌وه‌، ئاسمانی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ور ده‌بێت و پاشان بارانبارینی به‌خوڕ ده‌ستپێده‌كات و هه‌وره‌ تریشقه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌بێت و پله‌كانی گه‌رماش كه‌مێك نزم ده‌بنه‌وه‌.

ده‌سته‌ی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی عێراق راشیگەیاندووە، كه‌شوهه‌وای رۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتووی ناوه‌ڕاستی وڵات هه‌ور ده‌بێت و پاشان به‌شێوه‌یه‌كی پچڕپچڕ باران ده‌بارێت و پله‌كانی گه‌رما نزم ده‌بنه‌وه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش بارانبارینی به‌خوڕ به‌رده‌وامی ده‌بێت و ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی وڵاتیش ده‌گرێته‌وه‌، ناوچه‌كانی باشووری عێراقیش به‌گشتی هه‌ور و نیمچه‌ هه‌ور ده‌بێت .

سه‌باره‌ت به‌ كه‌شوهه‌وای ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو، ده‌سته‌ی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە کە، كه‌شوهه‌وا ئاسایی ده‌بێته‌وه‌ و پله‌كانی گه‌رما دوباره‌ تاڕاده‌یه‌ك به‌رزده‌بنه‌وه‌.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close