كوردستانهەواڵ

بزووتنەوەی ئیسلامی: کۆبوونەوەی دەزگاکانی هەڵبژاردنی حزبەکان تەنها بۆ مانەوەی حکومڕانییەکی ناتەندروست و بەردەوامییە بە گەندەڵی و قۆڕخکاری

ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی: کۆبوونەوەی دەزگاکانی هەڵبژاردنی حزبەکان تەنها
بۆ مانەوەی حکومڕانییەکی ناتەندروست و بەردەوامییە بە گەندەڵی و قۆڕخکاری

بەناوی خوای گەورەی میهرەبان

دوای ئەوەی کاتی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکرا ، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکانی دەستەڵات و ترسیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، کۆبوونەوە لە دوای کۆبوونەوە سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنەکان ئەنجام دەدەن، هەر بۆیە كۆبوونەوەی بەشێك لە حزبەكانی هەرێمی كوردستان و دواتر كۆبوونەوەی دەزگای هەڵبژاردنەكانیان هۆكارێكن بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەركردنی گرفتەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
ئێمە لە ناوەندی هەڵبژاردنەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی هەر جۆرە كۆبوونەوەیەكی حزبیانەی لەو شێوەیە دەكەین، كە پێمانوایە دۆخی ژیانی هاوڵاتیان هێندە سەخت بووە و هەموو سێکتەرەکانی ژیانی هاوڵاتیان لە دۆخێکی سەختی ژیانکردندایە، و حکومەت بەردەوام لە قەیرانی پاشەکشێ بەڕێوەبردن و ترۆپکی گەندەڵیدایە، ئیتر پێویستی بە گۆڕینی شێوازی سیستەمی حکومڕانییەکی تەندروست و لەبارە بۆ ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان ، لایەنەکانی دەستەڵات لە پێناو بەردەوامیدانیان بە مانەوەیان کۆبوونەوە لە پێناو کۆبوونەوە ساز دەکەن، کە ئەم کۆبوونەوانە هیچ بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیانی كوردستانی لێبەدینایەت و تەنها بۆ سەرقاڵكردنی هاوڵاتیانە.
پێویستە حزبەكانی كوردستان بەگشتی و حزبە حوكمڕانەكان كۆبوونەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لەكات و وادەی خۆیدا ئەنجام بدەن، نەك كۆبوونەوە لەپێناو كۆبوونەوەدا بێت و وادەی هەڵبژاردنەكان دواتر بخەن.
دواخستنی هەڵبژارنەكان و بەردەوامیدان بەم شێوازی مانەوەی حکومڕانییە دۆخی چەقبەستووی هەرێمی كوردستان لەلایەك و سەختبوونی ژیانی هاووڵاتیان لەلایەكیتر چارەسەر ناكات و زیاتر بابەت و گرفتەكان قوڵتر دەكات و تیماری گرفتەكان سەختر دەبن و هەموومان لێی زیانمەند دەبین.
بۆیە سەرجەم گرفتە قەتیسماوەكانی هەرێم دەخەینە ئەستۆی حزبە حوكمڕانەكان لەلایەك و ئەو حزبانەشی كە پاڵپشتیان دەكەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان و دوورخستنەوەی چارەسەری گرفتەكان.

ناوەندی هەڵبژاردنەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close