وەرزش

ئەمشەو کلاسیکۆی جیهانە

تووڵەکردنەوە و هەنگاونان بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە مۆندیال، ناونیشانی یاریی سوپەر کلاسیکۆ دەبێت، بۆ بەرازیل کاتێک بەرامبەر ئەرجەنتین، رکابەری هەمیشەیی یارییدەکات.

جارێکی دیکە دوو ناوە گەورەکەی ئەمریکای باشوور، بەرازیل و ئەرجەنتین، جارێکی دیکە رووبەڕووبوونەوەی مێسی و نەیمار، ئەمجارەش لە خاکی بەرازیلدا.

ئەمشەو کاژێر 22:00 چاوەکان لەسەر یاریگەی کۆرێنتیانز دەبن، کاتێک بەرازیل و ئەرجەنتین لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بەرازیلی پێشەنگ و بێ  دۆڕان، بۆ ئەم یارییە پڕە لە کێشەی نەبوونی یاریزانی پێویست، بەڵام ئەرجەنتینی دووەم لەوپەڕی ئامادەییدایە و دەیەوێت سیناریۆی بردنەوەی یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکا لەنێو خاکی سامبادا دووبارە بکاتەوە.

جگە لەوەی 9 یاریزانی پرێمەرلیگ نەگەڕاونەتەوە بەرازیل و لەگەڵ پێکهاتەی تیتێدا نین، مارکینیۆسی ئەستێرەی دڵی بەرگری هەڵبژاردەکەش یاریی ناکات، ئەمانە هەموو کێشەی زۆریان بۆ راهێنەری هەڵبژاردەکە دروستکردووە، ئەو ئاستەشی کە بەرامبەر چیلی پێشکێشیکرد هاندەرانی هەڵبژاردەکە زیاتر دەخاتە نێو دوودڵییەوە، لە کاتێکدا ئەوان نایانەوێت جارێکی دیکە بەرامبەر سەختترین رکابەریان بدۆڕێن، دۆڕان لە یارییەکەشدا چارەنووسی تیتێ لەگەڵ هەڵبژاردەکە دەخاتە مەترسییەوە و هاندەرانیش قبوڵی ناکەن دوو یاریی لەسەریەک لەنێو خاکی خۆیان بە ئەرجەنتین بدۆڕێن.

ئەرجەنتین هیچ کێشەیەکی نییە، لیۆنێل مێسی بەشێوەیەکی ئاسایی لە دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەکەدا بەشداربووە، دوای بردنەوەیان لە ڤێنزوێلا ورە بەرز و ئامادەن بۆ ئەوەی رکابەری بردنەوەی سێ خاڵی بەرامبەر بەرازیل بکەن بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکەیان و بەهێزکردنی شوێنی خۆیان لە پلەی دووەمی ریزبەند.

بەرازیل لە 7 یاریی رابردوودا 7 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، تەنیا 2 گۆڵی لێکراوە و بە 21 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوورە، تەنیا 6 خاڵی دیکەی پێویستە بۆ ئەوەی گەیشتن بە مۆندیال مسۆگەربکات.

ئەرجەنتین لەو 7 یارییەدا 4 بردنەوە و سێ یەکسانبوونی هەیە، بەهەمان شێوەی سیلیساو نەدۆڕاون، ئەوان 12 گۆڵیان کردووە و 6 گۆڵیان لێکراوە و خاوەنی 15 خاڵن، بە دۆڕانیان لە یارییەکەدا ئیکوادۆر بە بردنەوە لە چیلی لەگەڵ هەڵبژاردەکە یەکساندەبێتەوە، بۆیە مێسی و تانگۆ ئەگەرچی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیانن، بەڵام سەرکەوتن ئامانجی یەکەمیانە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close