وەرزش

ئەمڕۆ خولە گەورەکانی ئەوروپا دەستپێدەکەنەوە

ئەمڕۆ خولە گەورەکانی ئەوروپا دەستپێدەکەنەوە و لە خولی فەرەنسا یاری لووتکە لە نێوان مۆناکۆ و پاریس سانجێرماندا دەکرێت.

یارییەکە کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان لە یاریگای لویسی دووەم دەکرێت کە تایبەتە بە یانەی مۆناکۆ.

پێش ئەم یارییەش کاژێر 21:00 رێن میوانداری یانەی بۆردۆ دەکات.

بۆ یاری لووتکە، هەردوو یانە بە کۆمەڵێک یاریزانی پێکراوەوە دەچنە نێو یاریگا و لە مۆناکۆ ویسام بن یەدیر پێکانی هەیە و نیکۆ کۆڤاچی راهێنەری یانەکە ئامادەنەبوونی ئەو یاریزانەی بۆ ئەم یارییە دووپاتکردەوە، هەروەها گۆلۆڤین و لۆکۆمتێش یاریناکەن بەهۆی پێکانەوە، ئەمە جگە لەوەی رۆبن ئەگیلار بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانی بەشدارنابێت.

لە پاریس سانجێرمانیش ئەوەی جێی دڵخۆشییە گەڕانەوەی کیلیان ئێمباپێ و نەیمار داسێلڤایە، بەڵام نەیمار رەنگە چەند خولەکێکی دیاریکراو یاریبکات چونکە بە تەواوی بۆ یارییەکە ئامادەنییە، لە هەمان کاتدا پابلۆ سارابیاش گەڕاوەتەوە، هەروەها ئامادەیی مۆیس کینیش خراوەتەڕوو.

ئەوانەی یاریش ناکەن، لە ماورۆ ئیکاردی، مارکۆ ڤیراتی، یولیان دراکسلێر، ئیدریسا گایی، سیلۆ کێرێر و خوان بێرناتن.

ئێستا لە خولی فەرەنسا پاریس سانجێرمان 10 یاری کردووە و هەشت بردنەوە و دوو دۆڕانی هەیە لە هیچ یارییەکیشدا یەکسان نەبووە، بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ لە پێشەنگە، مۆناکۆش لە پلەی شەشەمە 10 یاری ئەنجامداوە، پێنج بردنەوە، سێ دۆڕان، دوو بردنەوە و یانەکە 17 خاڵی هەیە.

بابەتی دیكە

Close