
سوننەكان شەش ناویان بۆ سەرۆكی داهاتووی پەرلەمانی عێراق پێشنیازكردووە
باسک نێت
ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی سوننەكان، شەش ناوی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە قۆناغی داهاتوو دەستنیشان کردووە، هاوکات چوار مەرجیشی خستۆتەڕوو کە دەبێت لە کاندیدەکەدا هەبێت.
عەمار عەزاوی، ئەندامی هاوپەیمانی سیادە، بە رۆژنامەى فەرمی راگەیاندووە: ئەو ناوانەی کە باس دەكرێن، بریتین لە محەمەد حەلبوسی، سابت عەباسی، سالم عیساوی، مەحمود قەیسی، محەمەد تەمیم و موسەننا سەمەڕائی.
ئاماژەی بەوەشکردووە: هێشتا بە فەرمی باسی ئەم ناوانە نەکراوەو رەنگە رێککەوتن لەسەر ناوێک لە دەرەوەی ئەم کاندیدکردنانەش بکرێت، رەنگە رێککەوتنەکە لەسەر یەك كاندیديش بكرێت بە مەبەستی ئەنجامدانی دەنگدان و یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتە، چونکە هەبوونی چەند کاندیدێک دەكرێت پرۆسەکە درێژ بکاتەوە، بەڵام ئەمە وەک بژاردەیەکی چاوەڕوانكراو دەمێنێتەوە ئەگەر رێککەوتنی کۆتایی نەکرێت.
عەزاوی باسی لەوەشكردووە: دوای رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە مافی پێکهاتەی سوننەیە، بنەمای سەرەکی ئەوەیە کە کەسایەتییەکی سەركردایەتی بێت، پەیوەندی هاوسەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان هەبێت، قبوڵکراو بێت و هیچ ناڕەزایەتییەکی لەسەر نەبێت، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە کەسایەتییەک بێت بە سەرکەوتوویی پەرلەمان بەڕێوەببات.




