
میلیشیا شيعەكان رەتیدەكەنەوە هێرشیان كردبێتە سەر كێڵگەی كۆرمۆر
باسک نێت
گروپی هەماهەنگی مقاوەمەی عێراق، كە كۆمەڵێك لە میلیشیا شیعەكان لە خۆدەگرێت، لەبارەی هێرشەكەی سەر کێڵگەی غازی کۆر مۆر، رەتیدەكاتەوە هیچ بەرپرسیارێتییەکی لە رووداوەکە هەبێت و ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکان.
گروپەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: تۆمەتباركردنی گروپەكانی مقاوەمە لەلایەن میدیاکان بەوەی گوایە لە پشتی هێرشەكەی كۆرمۆرەوەيە تۆمەتی لایەنە بەدكارەكانە، كە ئامانجی تێكەڵكردنی كارتەكان و داپۆشینی ململانێ هەرێمییەكانە.
جەختیشی کردەوە، مقاوەمە لە ئەجێندایدا نییە هیچ شوێنێکی مەدەنی بكاتە ئامانج و چەکەکانیشی هەمیشە ئاڕاستەی داگیرکارییە.
ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە هێرشە دووبارەبووەکان، بەتایبەتی ئەوانەی ژێرخان و سەرچاوە نیشتمانییەکان دەکەنە ئامانج.




