كوردستانهەواڵ

مەسرور بارزانی لە قوتابخانەیەکی شەقڵاوە زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدات

ئەمڕۆ پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان لە قوتابخانەیەکی شەقڵاوە زەنگی خوێندن لێدەدات.

کەمێکی دیکە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شەقڵاوە زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدات. مەسرور بارزانی لەو قوتابخانەیە دەبێت کە ساڵی رابردوو مامۆستایەک لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا. دوای رووداوەکەش وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا قوتابخانەکە لە قوتابخانەی سۆرکەوە بگۆڕدرێت بۆ قوتابخانەی (مامۆستای جوانەمەرگ شەهید ئیبراهیم سەباح ناسر)

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە راگەیاند “خوێندنی ئەمساڵ لە قوتابخانەکان سەرجەم رۆژەکانی هەفتە جگە لە رۆژانی هەینی دەوام دەبێت، بەبێ پەیڕەوکردنی سیستمی تەناوب”.

گوتیشی “هەوڵدەدەین ئەمساڵ خوێندنی ساڵانی رابردووش کە لەدەستچووە قەرەبووی بکەینەوە لە سەرجەم پۆلەکان”.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ئاماژەی بەوەشدا “بڕیاردراوە بەستنی ماسک بۆ مامۆستایان و قوتابییان و ستافی کارگێڕی ناچاری بێت، هەر کەسێک پابەند نەبێت رێکاری کارگێڕی بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.

پێشتر وەزارەتی پەروەردە لە نووسراوێکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان چەند رێنماییەکی بڵاوکردبووەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە بەستنی ماسک ناچارییە لەسەر دەستەی کارگێڕی قوتابخانەکان و مامۆستایان و قوتابی و خوێندکاران، پێویستە پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بن.

وەزارەتی پەروەردە راشیگەیاندووە “وەک قۆناغی یەکەم وەزارەتی پەروەردە دوو ملیۆن و 500 هەزار ماسک و 50 هەزار پاککەرەوە (معقم)ی دابینکردووە، بۆ ناوەندەکانی خوێندنی حکومی. دەبێت دابەش بکرێت بەسەر ناوەندەکانی خوێندن بۆ ستافی کارگێڕی قوتابخانە و مامۆستایان”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close