كوردستانهەواڵ

هەولێر؛ لە روبەڕوبونەوەیەکدا کارمەندێکى هاتوچۆ بریندارکرا

هاتوچۆى هەولێر رایدەگەیەنێت؛ لەکاتى دەستگیرکردنى ئەو تۆمەتبارەى لەبەردەم بەشى مۆڵەتى شۆفێرى ماتۆڕسکیلى هاوڵاتیانى دەدزى، روبەڕوبونەوە رویدا و تۆمەتبارەکە بە گولـلە کارمەندێکى هاتوچۆى بریندارکرد.

لە رونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند: دوای دوبارەبونەوەی دیاردەی دزینی ماتۆڕسسکیلی هاوڵاتیان لەبەردەم بەشی مۆڵەتی شوفێری، و لە دوای بەدواداچون بۆحالەتەکە، ئەمڕۆ پلانێکی تۆکمە دانرا بۆدەستگیرکردنی تومەتبارەکە.

دەشڵێت: لەکاتی ئەنجامدانی دزیەکە، چەند کارمەندێکی هاتووچۆ لەبەشی مۆڵەت کارەکەیان پێ سپێردرا، ئەوەبو لەنزیک کاتژمێر (11:00)ی پێشنیوەڕۆ توانرا کەسە تومەتبارەکە دەستنیشان بکرێت وهەوڵی دەستگیرکردنی درا.

هاتوچۆى هەولێر باسى لەوەشکردووە، لەکاتى دەستگیرکردنیدا تومەتبارەکە ڕوبەڕوی کارمەندەکان بوەتەوە و بە دەمانچە تەقەی کردوە و کارمەندێکی هاتووچۆی بریندار کرد.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لەکاتى راکردنى تۆمەتبارەکە بەهاوکارى ئاسایشى هەولێر توانراوە دەستگیر بکرێت و لەئێستادا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.

هاتوچۆى هەولێر، داوا لەو هاوڵاتیانە دەکات کە لەماوەى رابردودا لەبەردەم بەشى مۆڵەتى شۆفێرى ماتۆڕسکیلیان لێ دزراوە، سەردانى ئاسایش بکەن بۆ تۆمارکردنى سکاڵا لەسەر تۆمەتبارەکە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close