هەواڵ

هەواڵێکی ناخۆش سەبارەت بەڤینیسیۆس

باسک نێت

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لەئیسپانیا، ئەمڕۆ سوپرایزێکی سەبارەت بە پێکانەکەی ڤینیسیۆس جونیۆر ئەستێرەی ریال مەدرید ئاشکراکردو دەڵێت “پزیشکان هۆشدارییانداوە لەپەلەکردن لەگەڕانەوەی ڤینی بۆ یاریکردن”.

ڤینیسیۆس تووشی پچڕانی ماسوولکەی دوو سەری رانی بووە. ئەمە جگە لەوەی برینێکی دیکەی لە ریشاڵی پێیەکانی قاچی چەپیدا هەیە.

پێشبینییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەگەری هەیە ڤینیسیۆسی تەمەن 23 ساڵ، تاوەکو مانگی شوباتی داهاتوو نەتوانێت بگەڕێتەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ئەگەرچی پرۆسەی چاکبوونەوەی ڤینیسیۆس لە پێکانەکەی خێراتر لە چاوەڕوانکراو دەڕوات، هەروەها ئەو یاریزانە داوایکردووە پێش سەری ساڵ بەشداری یارییەکانی یانەی مێرێنگێ بکات، بەڵام پزیشکانی ریال مەدرید و ستافی تەکنیکی هۆشدارییان داوە لە پەلەکردن لە گەڕانەوەی ڤینیسیۆس و ئەوان داوادەکەن کە ڤینی زیاتر وریای خۆی بێت.

روونیشیکردەوە، ڤینیسیۆس تەنیا 3 هەفتەی لەبەردەمدایە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییە پێویستەکان و وەرگرتنەوەی متمانە بۆ بەشداریکردن لە یارییەکاندا.

ڤینی لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و کۆڵۆمبیا لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، لە خولەکی 27 تووشی پێکانێکی قورس بوو و یاریگەی بەجێهێشت، هەڵبژاردەکەشی بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕا.

ئەوکات بەپێی پشکنینە سەرەتاییەکان، دەرکەوت یاریزانەکە لە رانی چەپیدا تووشی پێکان بووە و سەرەتا پێشبینی دەکرا بۆ ماوەی شەش هەفتە دووربکەوێتەوە، بەڵام دواتر یانەی ریال مەدرید رایگەیاند پێکانەکەی ڤینیسیۆس قورسترە لەوەی چاوەڕوان دەکرا و بەو هۆیەوە یاریزانەکە نزیکەی دوو مانگ و نیو لە یانەکە دادەبڕێت

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close