كوردستانهەواڵ

وەزارەتی خوێندنی رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێى خوێندن بە شێوازى ئۆنلاین دەستپێدەکات

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێى خوێندن بە شێوازى ئۆنلاین دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، بەمەبەستى ئاسانکارى بۆ خوێندکاران و قوتابیان پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بە شێوازى ئۆنلاین و لە رێگەى پلاتفۆڕمى تایبەت بە گواستنەوەو دابەزین ئەنجام دەدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢١-٢٠٢٢ بە هەمان شێوەو بە ئامانجى پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزارى بە خوێندکاران و قوتابیان بۆ ئەوەى لە کاتى پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین ئەرک نەکێشن و سەردانى وەزارەت و زانکۆکان نەکەن بەتایبەت بۆ ئەوانەى لە دەرەوەى شارەکان و پارێزگاکانى ترى هەرێمى کوردستانن، وەزارەت لەڕێگەى لینکى (www.mhe-studentaffairs.com) پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین بەشێوازى ئۆنڵاین بەپێى مەرج و ڕێنماییەکان دەخاتە بەردەستى خوێندکاران و پێویست ناکات هیچ قوتابیەک سەردانى وەزارەت و زانکۆکان بکات بۆ ئەم پرۆسەیە.

لەبارەی دەست بەکاربوونی پرۆسەکەوە وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران و قوتابیان لە (١١/٧/٢٠٢١) دەستپێدەکات تاکو (٢/٩/٢٠٢١).

لەبارەی مەرجەکانی گواستنەوەی خوێندکاران لەسەرجەم قۆناغەکاندا وەزارەتی خوێندنی باڵا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد:

١- خوێندكار دەرچو بێت لە خولی یەكەمدا بە پلەی باشە یان سەروتر و دانیشتوی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت.

٢- خوێندكار ئەگەر دایكی یان باوكی كۆچی دوایی كرد بێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ، بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت کە وەفاتنامە (بیان الوفاە) و (صورە القید) و دانیشتوی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت، ئەگەر کۆچ کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.

٣- خوێندكار هاوسەرگیری ببەستێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ دەبێت بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت لە گرێبەستی هاوسەرگیری، وێنەى رەسەنى تۆمارى باری شارستانی (صورە القید)ی رەسەن و بە فەرمی تۆمار كردنی لە لیستی باری شارستانی و دڵنیایی دەرچون (صحە الصدور) بۆ بەڵگەنامەكان بكرێت، بە هەمان شێوە بۆ ئافرەت رەچاوی جیابونەوەی خێزانی (طلاق) بكرێت و لە كاتی دەركەوتنی هەر ساختەكاریيەک لە بەڵگەنامەكان لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ بکرێت، ئەگەر هاوسەرگیری کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.

٤- خوێندكارێک (تەنها بۆ ڕەگەزی مێینە) لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ منداڵی ببێت و بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت ئەگەر منداڵ بونەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.

٥- منداڵی (كوڕ و كچ)ى شەهیدو ئەنفالكراوەكان مافی گواستنەوەیان هەیە لە نێوان زانكۆ بۆ هەمان كۆلێژ/ پەیمانگەو بەشی کە لێى وەرگیراون و بە نووسراوی پشتگیرى وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و بە واژوی وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان یاخود بەڕێوبەری گشتی دەبێت.

٦- خوێندكاری (كوڕ و کچ)ی مامۆستایانى زانكۆ لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا لە (مامۆستای یاریدەدەر، مامۆستا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر، پرۆفیسۆر) مافی گواستنەوەیان هەیە ئەگەر دەرچوبن، هەروەها (كوڕ و كچ) ى فەرمانبەرانی زانكۆکان و دەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا، بە مەرجێک ساڵانى خزمەتى لە (١٥) ساڵ کەمتر نەبێت.

٧- گواستنەوە بۆ کۆلێژى پزیشکى کە سیستەمی ئینتیگرەیشن پەیڕەو دەکات ناکرێت، چونکە قوتابی دادەبەزێنرێتە قۆناغی یەکەم و ئەمەش وا دەکات پلانی رێژەی قوتابیانی قۆناغی یەکەم زیاد بکات.

٨- خوێندكار لە خوێندنی بەیانیان مافی گواستنەوەی هەیە بۆ خوێندنی ئێواران بە مەرجێک لە هەمان پسپۆری خۆیدا بێت، دوای لاری نەبونی هەردولا بە رەچاوكردنی توانای بەشەكە لەگەڵ كۆنمرەكەی و پێدانى کرێى خوێندن.

٩- خوێندكارانى كۆلێژە (ئەهلییەكان) بە هیچ شێوەیەک مافی گواستنەوە یان میوانداریان نییە بۆ زانكۆ و كۆلێژە (حكومییەكان).

١٠- گواستنەوەی خوێندكاران لە بەشەكانی ئێواران بۆ بەشەكانی هاوشێوەی بەیانیان ناكرێت لە بەر جیاوازى کۆنمرەى پێشبڕکێ.

١١- هەمو گواستنەوەیەكی خوێندكاران لە نێوان كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان بە رێگای كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان و سەرۆكایەتی زانكۆكان دەبێت (بە پێى ریزبەندی و پەیوەندی).

١٢- بەرابەركردن و مەقاسەكردنی وانەكان لە لایەن بەشی زانستی داواكراودا ئەنجام دەدرێت لەگەڵ ناردنی لیستی ئەو وانانەی كە خوێندویەتی لەگەڵ یەكەكان لە ساڵانە و وەرزییەكاندا.

١٣- بۆ زانکۆکان هەیە سەیری داوای گواستنەوەی هەندێ لە خوێندکاران بکات بۆ گشت قۆناغەکانی خوێندن (جگە لە قۆناغی یەکەم) بۆ هەمان بەش بۆ شوێنی نیشتەجێبونیان بە هۆی ئەو نەخۆشییانەى کە زۆر سەخت و قورس و بەردەوام و درێژخایەن و ترسناک و چارەسەریان زەحمەتە.

ئەمە لەکاتیکدایە، ساڵانە بەهۆکاری جۆراو جۆر خوێندکارانی سەرجەم بەش و قۆناغەکان لە زانکۆکان و پوەیمانگاکان داوای گواستنەوە یان دابەزاندنی بەش پێشکەشکی سەرۆکایەتی زانکۆکانیان و وەزارەتی خوێندنی باڵادەکەن و بەش و زانکۆ وپەیمانگاکانیان دەگۆڕن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close