نوسەران

تیۆری دار – گێزرە و ئەفسانەی دیبلۆماسی تەڵەی قەرزی چینی

ئارام احمد

دەستەواژەی “دار و گێزەر” گوزارشتێکە بۆ بەکارهێنانی تێکەڵەیەک لە پاداشت و سزا بۆ هاندانی ڕەفتارێکی خوازراو، لە سیاسەتدا “گێزەر یان دار” هەندێک جار ئاماژەیە بۆ چەمکی ڕیالیستی دەسەڵاتی نەرم و ڕەق. گێزەر لەم چوارچێوەیەدا دەتوانێت بەڵێنی یارمەتی ئابووری یان دیپلۆماسی نێوان گەلان بێت، لە کاتێکدا دارەکە ڕەنگە هەڕەشەی کردەوەی سەربازی یان ئابووری بێت.

هاوکات زاراوەی “دیپلۆماسی تەڵەی قەرز” دەگەڕێتەوە بۆ براهما چێلانی، بیرمەند و ئەکادیمی هیندی کە لە ڕەخنەکانیدا لە سیاسەتی حکومەتی چین بەکاری هێناوە، کە قەرزی گەورە دەدات بە وڵاتان، بەڵام لە بەرامبەردا دەست بەسەر سەروەت و سامانی ستراتیژییاندا دەگرێت، وەک بارمتە بۆ قەرزەکان لە ئەگەری نەدانی قەرز، چینییەکان ئامانجیان ئەوەیە کە سەرچاوەکان لە جیهانی سێیەمدا بقۆزنەوە، بازاڕە ناوخۆییەکان بە کاڵای چینی کوالیتی نزم داگیر بکەن، تەنانەت کار بکەن بۆ کێبڕکێ کردنی هەلی کاری ناوخۆیی.

حکومەتی چین لە تاکتیکی قەرزدان بە ووڵاتانی دیکە باشترین ڕێگای بۆ فراوانکردنی کاریگەرییەکانی لە باشور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆزیوەتەوە بە بەکارهێنانی تیۆری “دار و گوێزەر” کە بەهۆیەوە وڵاتان دڵەڕاوکێیان بۆ دروست دەبێت کە بەشداری لە پڕۆژەیەکی جیاوازی سیاسەتی دەرەوەی چین بکەن کە پێکدێت لە بەشداریکردنی 138 وڵات و 30 ڕیکخراوی نێودەوڵەتی بە بەهایەکی گەورە کە دەگاتە هەشت تریلیۆن دۆلار، بە پێی پڕۆژەکە ئەو حکومەتانە ملیارەها دۆلار وەردەگرن وەک قەرز بە مەرجی تایبەت بۆ پێدانی قەرزەکان یان بەرژەوەندییەکانیان.

حکومەتی لاوس کە دەوڵەتێکی هەڵکەوتووی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیایە و دەکەوێتە نێوان ڤێتنام، کەمبۆدیا و تایلاند، بەپێی سەرچاوە رۆژئاواییەکان، بووەتە نوێترین قوربانیی دەستی پلانە ئابوورییە هەڵگوشەرەکەی چین، لە کاتێکدا ئەو دەوڵەتە یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی سەرچاوە سرووشتییەکان، حکومەتی وڵاتەکە تێدەکۆشێت بۆ خۆپاراستن لە دواکەوتن لە دانەوەی قەرزەکانی سەری کە چین پێیداوە.لاوس، بەشی گەورەی کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی سەر تۆڕی وزەی کارەبای نیشتمانی خۆی دایە کۆمپانیای China Southern Power Grid کە کۆمپانیایەکی سەر بەدامەزراوەی موڵکداری پڕۆژەکانی حکومەتی چینە. بارەگاکەی لە شاری گوانگجۆیە.

دەوڵەتێکی دیکەی تێوەگلاو لەو پەلکێشانە ئابوورییەی چین بەسەر وڵاتانی دیکەیدا دەهێنێت، تاجیکستانە. ئەو دەوڵەتەی کەوتووەتە ژێر هەڵچوونی گڕکانی قەرزەکانی چینەوە. تاجیکستان ‘باخچەی پشتەوە’ی رووسیایە.

تاجیکستان تاوەکو ساڵی 2006 لە قەرزکردن لە پەکین بەردەوامبوو، کەڵەکەبوونی قەرزەکانی سەری، لەم کۆتاییانە دا دەوڵەتەکەی ناچارکرد کۆی رووبەری 1158 کیلۆمەتر لە خاکەکەی بداتە چین لە چیاکانی پامیر، دوای ئەوە، کۆمپانیا چینییەکان مافەکانی هەڵکۆڵین بەدوای زێڕ، زیوو و کانزاکانی دیکەیان لە ناوچەکەدا بەدەستهێنا.

قیرغیزستان کە دراوسێی چینە، بۆخۆی بەدەست قەرز و ناسەقامگیری سیاسییەوە دەناڵێنێت، ساڵی 2020 پەنای بۆ چین برد. ئێستا بانکی Eximbank ی چینی خاوەنی زیاتر لە پەنجا لەسەدی قەرزە دەرەکییەکانی ئەو وڵاتەیە، کە دەکاتە زیاتر لە 4 ملیار دۆلار. ئەو بانکە کۆنترۆڵی بەسەر چەند پڕۆژەیەکی ناو وڵاتەکەدا لە بواری گواستنەوە و وزەی سەرەکی وڵاتدا بەدەستهێناوە.
چەندین دەوڵەتی دیکەی ئاسیا و ئەفریقیا بەهەمانشێوە لە لیستە درێژەکەی ‘تەڵەی قەرزەکانی چین’دان.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close