بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیكوردستانهەواڵ

بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی: لەبەرانبەر یەكێتی و پارتی بێمنەتین

لەگەڵ هیچ لایەنێك هاوپەیمانی ئاشكرا و نهێنیمان نییە و بەشداری هەڵبژاردنەكانیش ناكەین

ئەندامێكی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، بێمنەتین لە لایەنەكانی دەسەڵات ودەنگ بە هیچ لایەنێكی دیكەش نادەین لە هەڵبژاردنەكاندا.
بڕیارە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەبچێت و سەدان كاندید خۆیان بۆ بردنەوەی كورسییەكانی پەڕلەمان ئامادە كردووە.

سەلام كەریم ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو ڕاگەیەنراوەی لە كۆبوونەوی شورا بڵاومانكردەوە، بۆچوونی تەواوی بزووتنەوەیە.
وتیشی”جگە لە ئەندامانی خۆمان، داوا لە هاووڵاتیانی ستەملێكراو و مووچەدزراوی كوردستان دەكەین بەهیچ شێوەیەك بەشداری لە هەڵبژاردنێك نەكەن كە چارەنووسی لە ئێستاوە دیارە و بریتییە لە هاتنەسەر دەسەڵاتی كۆمەڵێك خەڵكی گەندەڵ كە هەمیشە لە هەوڵی چەوساندنەوەی گەلەكەیاندان”.
ئاشكراشیكرد، ئێمە زۆر هەنگاومان ناو و داوامان لە ئیسلامییەكان كرد كە خاڵی هاوبەشمان زۆر زیاترە لە جیاوازیمان، بەڵام ئەوان هیچكات ئامادەییان نەبووە بۆ پێكهێنانی بەرەی ئیسلامی، پێشتریش لەگەڵ یەكگرتوو هاوپەیمان بووین، بەداخەوە ئەو حزبە لەدوای هەڵبژاردنەكان جۆرێك مامەڵەی كرد كە ئێمە جارێكیتر نەتوانین بیر لەوە بكەینەوە هاوپەیمانی بكەین، پەشیمانیش نین لەوەی كردومانە و بە ئەركی شەرعی و ئیسلامی خۆمان زانیوە.

جەختی لەوەش كردەوە، لە داهاتوودا دڵنیاین ئەندامانی ئێمە قبوڵی ناكەن لەژێر هەر پاساوێك بێت دەنگی ئەندامانمان بڕوات بۆ لایەنێكیتر.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە هەڵبژاردنەكان دەنگ بە هیچ هێزێكی ئیسلامی نادەین و ئەندامانمان ڕاناسپێرین دەنگ بدەن، بەڵكو داوایان لێدەكەین كاریگەریان لەسەر خەڵكی كوردستان هەبێت كە خەڵكی پەشیمان بكەنەوە لە دەنگدان.
سەبارەت بە هێزەكانی دەسەڵات، سەلام كەریم ڕایگەیاند، ئێمە زۆر ڕاشكاوانە دەیڵێین و منەتمان بە هێزی دەسەڵات نییە و هیچ ڕێكەوتنێكمان لەگەڵیاندا نییە، خۆیان بودجەیان لە سامانی ئەو وڵاتە هەیە، ئەوەشی كە پێشتر بۆمان كراوە منەتیان نەبێت، چونكە مافی ئەندامانی خۆمانە و شانبەشانی پێشمەرگەكانی ئەوان و زیاتریش لە سەنگەردا بوون، یەكەم هێز چووە كەركوك بزووتنەوە بوو، كۆتا هێزیش هەر بزووتنەوە بوو، بە گشتی دەنگ بە هیچ هێزیكی ئیسلامی و نیشتمانی و نەتەوەیش نادەین.

سەبارەت بە بەركەناركردنیان لەلایەن دەسەڵاتەوە، ناوبراو ڕایگەیاند، ئەوەی لە دەسەڵاتیاندا بووبێت كردویانە و زیاتر ناتوانن، چونكە لە هەموو ڕوویەكەوە گەمارۆمان لەسەرە، بەڵام لە گەمارۆدا گەورەتر دەبین و ناوخۆی خۆمان تۆكمەتر دەكەین و بە گوڕوتینێكی بەهێزەوە دەگەڕێنەوەسەر ساحەی كوردستان.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close