كوردستانهەواڵ

وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕاگەیاندراوێکى لەسەر ڕووماڵکردنی خۆسوتاندنی گەنجەکەی هەولێر بڵاوکردەوە

وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕاگەیاندراوێکى لەسەر ڕوماڵکردنی خۆسوتاندنی گەنجەکەی هەولێر بڵاوکردەوە و داوا لە دەستەى سەرۆکایەتى داواکارى گشتى دەکات، ڕێکارێکى یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگا ڕاگەیاندن و پەیجانەى سۆشیال میدیا کە ڕوماڵی ڕووداوەکەیان کردووە، وەربگرێت.

لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان ڕایگەیاندووە، “بۆ بەدواداچوونى ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەى ئەمڕۆ ڕوویدا، کە چەند کەناڵێکى ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا ڕاستەوخۆ گواستییانەوە،  گەنجێک لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لەشارى هەولێر، خۆى سوتاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان کۆبوونەوە، دۆخی ئێستاى ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاى لە هەرێمى کوردستاندا، لە ڕووى ئیتیکى رۆژنامەوانى و بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتیەوە، بە دۆخێکى نالەبار و خراپ وەسف کرد و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتى یاسایی و کۆمەڵایەتیەوە” .

ئەوەشی تێدا هاتووە “وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان، لە ڕێی بەرێوەبەرایەتیى گشتى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەوە، وێڕای ڕێنمایی ژمارە (١)ى ساڵى ٢٠١٤ بەتایبەتیش بڕگەى سێیەم، هەروەها ئاگادارینامەیەکى لە ٢/٥/ ٢٠٢١ دا داوە بەهەموو کەناڵەکانى ڕاگەیاندن کە خۆیان بەدووربگرن لە پەخشکردنى ئەو هەواڵ و ریپۆرتاژ و بەرنامانەى دەچنە خانەى بڵاوکردنەوە و هاندانى توندوتیژى و کوشتن و خۆکوشتن، کە لە ڕووى دەروونیەوە زەمینەیان بۆ خۆش دەکەن” .

 وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “ئەوەى ئەمڕۆش ڕوویدا، دەچێتە هەمان خانەوە، وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان جگە لە جێبەجێ کردنى ئەرکى وەزارەت بە پێی ئەو ڕێنماییانەى ئاماژەیان پێکراوە، داوا لە دەستەى سەرۆکایەتى داواکارى گشتى دەکات، هەموو ڕێکارێکى یاسایی بەرامبەر  ئەو دەزگا ڕاگەیاندن و پەیجانەى سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەى کە ڕووماڵى  ڕووداوەکەیان کردووە، وەربگرێت . “

ئەمەش لەدوای ئەوەهات ئەمڕۆ دیمەنی خۆسوتاندنی گەنجێک لەلایەن چەند میدیای و پەیجێکەوە بڵاوکرایەوە و دواتر کاردانەوەی لێکەوتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close