كوردستانهەواڵ

ئالان حەمەسەعید: ئەمساڵ ساڵی گرنگیدانە بە خوێندنی پیشەیی

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمساڵ ساڵی گرنگیدان دەبێت بە خوێندنی پیشەیی، بڕی 500 ملیۆن دینار بۆ پاڵپشتیکردن لێی تەرخانکراوە.

ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە ڕێوڕەسمی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن ڕایگەیاند، “بایەخ و گرنگیپێدانی حکومەتی هەرێم بە کەرتی پەروەردە لە کابینەی نۆیەمدا، وێڕای لەمپەر و ئالنگارییەکان، بەشێوەیەکی کاریگەربووە، بۆ یەکەمجار خوێندنگە و ناوەندەکانی خوێندن پاڵپشتیی دارایی کراون بە بڕی سێ ملیار دینار، وێڕای پارەی فرۆشگای خوێندنگەکان”.

باسیلەوەشکرد، “تەنها لەمساڵی خوێندندا، نزیکەی 100 ملیار دینار بۆ کەرتی خوێندن تەرخانکراوە، لەو بڕە  46  ملیار و 524 ملیۆن دینار بۆ تەواوکردنی قوتابخانە تەواونەکراوەکان و دروستکردنی قوتابخانەی نوێ تەرخانکراوە، کە 60 قوتابخانەی تەواونەکراو لە هەرێم هەبوون تەواوکراون، هەروەها 13 قوتابخانەی نوێ دروستکراوە، بۆ یەکەمجار 20 ملیار دینار بۆ دابینکردنی پێداویستییە هەرە سەرەکیەکانی ناوەندەکانی خوێندن خەرجکراوە”.

ئالان حەمەسەعید لە درێژەی وتارەکەیدا وتی، “17 ملیار دینار بۆ چاپکردنی کتێبەکان تەرخانکراوە، جگە لەوەش 20 ملیاردیناری دیکە بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ قوتابخانەکان تەرخانکراوە، ئەمساڵ ساڵی گرنگیدان دەبێت بە خوێندنی پیشەیی، 500 ملیۆن دیناریش بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close